KMMK:
سێشەممە 29ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، قوتابییەکی قۆناغی ناوەندی(راهنمایی) بە ناوی پەرەستو جەلیلی خەڵکی تەڵاتەپەی شاری ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هــێنا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، مامۆستای قوتابخانەی ناوبراو بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنی ئەم قوتابییە هەوڵی داوە کە ناوبراو دڵگەرمی خوێندن بکات و داوای هەبوونی موبایلی لێکردوون بۆ ئەوەی لە ڕێی ئۆنلاینەوە لەم سەردەمی هەبوونی ڤایرۆسی کرۆنایە بخوێنێ بەڵام بەبۆنەی دۆخی نالەباری ماڵی بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵ هەوڵەکانیان بێ ئاکام بووە و لە ناچاریدا دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هــێناوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکاری سەرەکی بێکاری و هەژاری بنەماڵەکان لە ئێراندایە و سیاسەتگەلی ئەم حکوومەتە دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ دژوارتر دەبێ، هەر بۆیە ئاماری خۆکوژییەکان بە بۆنەی هەژارییەوە هەڵکشاوە و ئەم دیارە قیزەونە پەلی کێشاوەتە نێو منداڵان و مێرمنداڵانی کەم تەمەنەوە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 58 حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان