ورمێ؛ زیندانییەک لە بەردەم دادوەر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

KMMK:

یەکشەممە 27ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، زیندانییەکی سیاسی بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ بە ناونیشانی” عادڵ موکەڕەم” لە ناڕەزایەتی دژبە سەر نەگرتنی داواکارییەکانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ئەم زیندانییە لە هۆڵی زیندانی حکوومەت لە ورمێ لە پێش چاوی دادوەری چاودێر و جێگری سەرۆکی زیندان ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و پێی ڕاستی بە رادەیەکی زۆر زیانی پێ،گەیشتووە و هەنووکە لە بێهداری زیندان لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

شیاوی باسە عادڵ موکەڕەم سەماوەزی 2719ی کوردی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دیپۆڕت و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە و بۆ ماوەی 19 ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری خۆی لە ژێر گرانترین ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە و دواتر بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەت لەو شارە ڕاگوازراوە.

ئەو تۆمەتانەی عادڵ موکەڕەمیان پێ تاوانبار کردوون بریتین لە: ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و تێپەڕاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی”.

عادڵ موکەڕەم ماوەی دە مانگە دەستبەسەر کراوە و لەو دەمەوە تا ئێستە بە شێوەی هەڵپەسێراوی ماوەتەوە و هەر بۆیە ناوبراو بەرانبەر بەم دۆخە دەستی داوەتە ناڕەزایی نواندن و چەندد جار دەستی داوەتە مانگرتن و بەرپرسانی زیندانیش بەڵێنیان پێداوە کە داواکارییەکەی جێبەجێ بکەن بەڵام بە جێیان نەهێناوە و بۆیە ڕۆژی سێشەممە 13ی خەرمانان بە دروونەوەی لێوەکانی مانگرتنی ڕاگەیاند و بڕیار درا هەر ئەو ڕۆژە پاش زەمەنێک چاوەڕوانی لە لقی دووی دادگای ئێنقلابی حکوومەت لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شــێخلوو دادگایی بکرێت بەڵام ئەو بڕیارە پووچەڵ کرایەوە و ڕێوەڕەسمی محاکەمەی ناوبراو ڕۆژی 22ی خەرمانان بەڕێوەچووبوو.

عادڵ موکەڕەم لە مانگی ڕەزبەر زۆرترین مانگرتنی ڕاگەیاند و تەنیا بەڵێنی بێ بنەما و پڕوپووچی پێدرا هەر بۆیە بڕیاری خۆسووتاندنی دەرکرد و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان