KMMK:

هادی ئەمینی لەدایک بوویی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەو شەهادەتنامەیەدا باسی شێوازی گرتن و ئەشکەنجەدانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

 ئەو شەهادەتنامەیە لە لایەن عەدنان رەشیدی و شەهید ئیقبال مورادی ئامادە کراوە. بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامەیە لەسەر داخوازی هادی ئەمینی بە هۆکاری ئەمنی و پاراستنی ناوبراو لەکاتی خۆیی دا بڵاونەکرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە هادی ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٥ خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بۆسیەیەک لە نزیک شاری مەهاباد گیانی بەخت کرد و شەهید کرا.

هادی ئەمینی:

من لەدایک بووی بۆکانم و لەساڵی ۱۳٨۲ هەتاوی پەیوەندیم بە تەڤگەری ئازادی کوردستان کرد وەک ئەندامێک لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) جێگام گرت، لەوساڵەدا خەبات و چالاکیم بۆ ئازادی کوردستان و دژی کۆماری ئیسلامی ئێران  دەست پێکرد.

 دوایی تەواو بوونی دەورەی سیاسی تا ساڵی ۱۳٨٦ی هەتاوی  بۆ بەرێوە بردنی ئەرک و کاری تەشکیلاتی لە ناوخۆیی رۆژهەلاتی کوردستان بووم و لە بۆسیەیێکی سپای پاسداران و ئیتلاعاتی ئێران لە پارکی میللەت شاری مەهاباد دەستبەسەر کرام .

کاتێ دەستبەسەر کرام، سەرەتا ڕاگوێزی گرتوخانەی حکومەت لە شاری سەردەشت کرام.

ئەشکەنجە و لێپرسینەوە (بازجویی)

ک م م ک : دوایی دەستبەسەر بوونی چی رووی دا؟

هادی: دوایی ڕاگواستنم بۆ ئیدارەی ئتلاعاتی ئێران لە سەردەشت، ئەشکەنجە و لێدانی من دەستی پێکرد، هەوڵیان دەدا دان بە ئەندام بوون لە حیزبە کوردستانیەکان (پژاک) دابنێم و ئیعتراف بکەم، داوای هاوکاری و ناوهێنانی کەسانی تریان دەکرد کە گۆمانیان دەکرد لە گەڵیان پێوەندیم هەبووە و منیش حازر نەبووم و بەرخۆدانم دەکرد.

کاتێک لە زیندانی ئیتلاعاتی ئێران لە سەردەشت وەڵامی پرسیارەکانیانم نەدەدایەوە و هیچ زانیارییەکم پێیان نەدا، منیان برد بۆ بەشی ژێرزەمینی زیندان، لەوەێ دیوێکی توالێت هەبوو، منیان بە میلەی ئاوکە ‌هەڵواسی،  هەردووک دەستمیان بە میلەکە بەستەوە و لاقم لە ئەرز و کەفی توالێتەکە جیابووە و دەستیان کرد بە ئەشکەنجەدانی من.

یەک کاتژمێر دواتر بەدوو کەس لە کاتێکدا کە هەر دووک دەستم بەسترابۆوە ، لاقمیان ڕادەکێشا، ئەوەندە ئازاردەر بوو کە هەستم دەکرد، هەر کات دوو لەت دەبم و جەستەم لەیەک جیادەبێتەوە. ئەو کات وەرزی هاوین بوو گەرمایەکی زۆر هەبوو هەموو جەستەم ببوو بەئارەق و هیچ ئاوێک لە لەشم نەمابوو.  بەو شێوەیە کە منیان هەڵواسی بوو دەرۆیشتن و هەر نیو کاتژمێر جارێک دەهاتنەوە بۆ پرسیار و لێپرسینەوە، بە باتوم لێیان دەدام وئەشکەنجەیان دەدام. بۆماوەی ۲٤ کاتژمێر من بەوشێوەیە هەڵواسرام. تونیەتی زۆری بۆهێنابووم، بەڵام ئاویان پێنەدەدام. وەک  ئەشکەنجەی دەرونی،

کاتێک داوای ئاوم دەکرد،  شێری ئاوەکەیان دەکردەوە و پێیان نەدەدام.

 لەدوای ئەو ۲٤ کاتژمێرە کاتێک دەستەکانمیان کردەوە من کەوتمە سەر زەوی و ئاگام لەخۆم نەما، کاتێک بەهۆش هاتمەوە نزیکەی ۲۰ کەس لە دەورم کۆببوونەوە و چاوەرێ بوون بێمەوە سەرخۆ.  چەند دانە لەو ئیتلاعاتیانە بەشەق لە لاقمیان دەدا و چەند جارێک ئاوییان کرد بەدەم و چاومدا، تا هاتمەوە هۆش داوای ئاوم کرد، لەبەر ئەوەی کە نەکا گیان بدەم و نەتوانن ئەو شتەی دەیانهەوێ دەست بخەن، ئاویان پێدام، بەڵام کەم.

دووبارە منیان هەڵواسیەوە و دوایی کورتەیەک دەستیان کردمەوە و دووبارە دەستیان کردەوە بەلێپرسینەوە، منیش هەر وەک پێشووتر وەڵامم دانەوە و هیچ زانیارییەکم نەدرکاند.  دواتر منیان برد بۆ ژوورێکی تاکەکەسی، بۆ بەیانیەکەی دووبارە هاتنەوە،  گوتیان کە ئەمجارە سەرت دەخەینە ناو ئاوە و ئەشکەنجەت دەکەین، لاقیان دەخستە سەر دەستم و  ئەو شوێنەی دەستم کە بح هۆیی ‌هەڵواسین بای کردبوو. من بە دیان جار دووپاتم دەکردەوە کە من تاوانێکم نییە و ئەو باسانەی ئێوە دەیڵین پێوەندی بە منەوە نییە.

دوایی شەو و رۆژێکی تر منیان برد بۆ دادگا.

دادگا

ک م م ک: دادگایەکەت چۆن بوو؟ چی روی دا؟

هادی: کاتێک منیان برد بۆ دادگا هیچ پرسیارێکیان لەمن نەکرد و پێیان نەگوتم کە بە چ تۆمەتێک دەستبەسەر کراوم، لەدادگا پێیان گوتم کە بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەریەکەم درێژ دەبێتەوە و دواتر منیان بردەوە بۆ زیندان.

زیندان

ک م م ک: زیندان چۆن بوو و دوایی چی رووی دا؟

هادی: زیندانی حکومەت لە سەردەشت زیندانێکی بچوک بوو، کاتێک من لە زیندان بووم ئیدارەی ئیتلاعات داوایان کردبوو کە من بگەرێننەوە بۆ لای ئەوان، وتبوویان تا پازدە رۆژ لێپرسینەوەی لێ دەکەین،  بەڵام بەرپرسی زیندان گوتی کە بەبریاری دادگا دەبێت لەزیندان بمێنمەوە. بەرپرسی زیندان رەوشی منی دیبوو کەزۆر ناجێگیر بوو، لەبەر ئەوە ڕێگەی نەدا کە بچمەوە بۆ ئیتلاعات. کە رۆیشتمە ناو زیندان، ئەو گیراوانەی لەوێ بوون بە پیلمەوە هاتن و ئاویان و خواردنیان پێدام. بۆ ماوەی نۆ رۆژ لەو زیندانە بووم، دواتر لەلایەن کارمەندانی ئیتلاعاتی ئێران لە سەردەشت بو  ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگوێزرام. تا ناو گرتوخانەکە چاوم بەسترابوو و نەمدەزانی بۆ کوێ دەمبەن.

لەوێ دوبارە دەستیان کرد بە لێپرسینەوە و بە شێوەیەک ئەشکەنجە دەدرام کە پێویستی نەدەکرد دەست بەند لەدەستم بکەن. زۆر زۆر ئازار و ئەشکەنجەیان دام. لێیان دەدام، سوکایەتیان پێ دەکردم و هەر جار دەیان وت دەتکووژین و بە زیندووی ناچیتە دەر.

ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ

ک م م ک: لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە ورمێ چۆنیان هەڵسوکەت کرد؟ لەچی دەگەران؟ چ تۆمەتێکیان خستە پاڵت؟ شکنجەکان چۆن بوون؟

هادی:

لە مانگی پاییز گواسترامەوە بۆ ئیتلاعات ،  ئەو دەم مانگی ڕەمەزان بوو،  ئەو شەوە  منیان بردە ناو ژوورێکی تاکەکەسی، کاتێک بۆ پارشێو خواردنیان هێنا، من دەستەکانم توانای کارکردنی نەبوو و نەمدەتوانی خواردن بخۆم، ئەو ئەشکەنجانەی لە سەردەشت درابووم، هەر دووک دەستمیان لەکار خستبوو، بۆیە نەمتوانی هیچ بخۆم و بەیانیەکەی منیان بردە ژووری لێپرسینەوە . بە گەیشتنم بۆ ئەوێ بەشێوازێکی زۆر ناشیرین هەڵسوکەوتیان لەگەڵم دەست پێ کرد، جوێن و سوکایەتی، ئەشکەنجەی دەروونیان دەدام و  دەیانویست لەو رێگەوە کەڵک وەرگرن و ناوی ئەو کەسانە ببەم کە لەگەڵ پژاک کار دەکەن.

لێپرسینەوەکان هاوکات بوون لەگەڵ ئەشکەنجە دان، بە مست و زلە لێیان دەدام، سوکایەتیان پێدەکردم، بە کەمەربەند و قامچی لەسەریان ئەدام، ئازاری زۆریان دەدام، لەسەرمیان دەدا و دەیان وت گوێچکەکانت کەڕ دەکەین با توانای بیستنت نەمێنێت. دوای لێپرسینەوەکان لەبەر ئەوەی کە نەم دەتوانی نان بخۆم، لەگەڵ زیندانیەکی دیکە بردمیانەوە بۆ ناو ژوورێکی تاکە کەسی، تا پێنج ڕۆژ هەرجارێک دەهاتن و دەیان بردم و لێدانیان دەست پێدەکردەوە، تا بەتەواوی ماندوو دەبوون ئەشکەنجەیان دەدام.

 دەورانێکی زۆر ناخۆش بوو، گوشاری دەروونی، ئەشکەنجە و لێدان و داوایان دەکرد کە ناوی ئەو کەسانی دەیانناسم بدرکێنم،  لەراستیدا ئەوە بۆ من بە مانای مەرگ و خیانەت بوو، لە کاتی ئەشکەنجە و دوایی ئەو شەوەکان بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەگەر کەسێک بەهۆی دان پێدانانی منەوە دەست گیر بکرێت، چۆن دەتوان ژیان بکەم و هەر ئەوە ورەی زۆری پێدەدام کە ئەشکەنجەکان کارم لەسەر نەکەن.

ئەوان لە زۆر ئامراز کەڵک دەگرن کە ئازارت بدەن، هەروەها ئەشکەنجەی دەروونی بەکاردێنن، کاتێک ئەشکەنجەی جەستەت ئەدەن، بۆ نموونە دەیان وت دەتکووژین، دەتبەینەوە ژووری تاکە کەسی، هەوای دەرەوە سارد بوو،  دەیانگووت دەتبەین بۆ دەرەوەی زیندان و لەو سەرمایە داتدەنێین با لە سەرمان رەق هەڵیی.

بۆ گوشاری زیاتر ناوی کەسانێکیان دەهێنا و دەیانوت کە  دانی بەوتاوانەدا ناوە و تۆیی لۆ داوە. کەسیان دەهێنا  بەرامبەرم و دەیان وت ئەوە شاهیدی دەدات کە تۆ ئەو کارانەت کردووە و زۆر ئاسان لەسێدارەت دەدەین.

هەڕەشەی گرتنی ماڵباتەکەمیان دەکرد و دەیانوت دایک و خوشکت دێنین و دەستدرێژیان پێدەکەین. چەند جار ماڵباتەکەمیان هێنا، بۆ ئەوەی کە ورەم بشکێنن و ئیعتراف بکەم.

کاتێک نائومێد بوون  کە بە ئەشکەنجەی جەستەی و دەرونی کار لەمن بکەن و هیچ شتێکم نەدرکاند، ئەوکات بەشێوازێکی دیکە هەڵسووکەوتیان دەکرد، بەنەرمی و  وەک هاورێ خۆیان دەردەخست و باسی سیاسەتیان لەگەڵ دەکردم، تا بەم شێوەیە دان بەشتێکدا بنێم،  دوای دوو مانگ دووبارە بردمیان بۆ دادگا.

ورمێ و دادگایی دوبارە

دوای تێپەربونی دوو مانگ منیان بۆ دادگای ئێران لە ورمێ برد و لەوێ دادگا بڕیاری گەڕاندنەوەی منی دا بۆ دادگای حکومەت لە شاری سەردەشت.

دوایی گەراندنەوەی من بۆ سەردەشت، بەرپرسی ئیتلاعات “حسن زادە” و “بازپرس الهام” منیان بردە لایی دادوەر و دادوەرەکە بە بەرپرسی ئیتلاعاتی گووت کە ئەو تۆمەتبارە لە لایەن هێزە ئەمنیەکان لێیدراوە و دەستی شکاوە، ئەوە کافی نیە و ئێوە دەبا ئەشکەنجەی کەن، کە وە قسە بێت و ئیعتراف کات. بەرپرسەکە لە وەڵام وتی، زۆرمان ئەشکەنجە کردووە و زۆر رێگەمان تاقی کردۆتەوە، بەڵام دان بە هیچ شتێک نانێت.

ئەو دادوەرە وەک کەسێکی دژە کورد ناسرابوو و کاتێک گیراوێکی سیاسی دەست دەکەوت بە شێوازگەلی جیاواز هەوڵی ئەشکەنجەی دەدا.

دواتر منیان گەراندەوە زیندانی ئێران لە سەردەشت. لە زیندان بنەماڵەکەم هاتن بۆ سەردانم ، بە تەلەفون لەپشت شووشەوە کە لە ژێر چاودێری خۆیاندا بوو، کەمێ بەیەکەوە قسەمان کرد. دوای سێ رۆژ کەسێک لە ئیتلاعاتەوە هات و لەگەڵ سەرهەنگێکی سپا و بە ماشێنی خۆیان منیان بردە پادگانی سپا لە سەردەشت.

 تا ئەوکاتە من دوو جار ئەشکەنجە کرابووم ، “نیروی انتظامی” و “ئیتلاعات” ئەشکەنجەی زۆریان دابووم، لە زیندانی سپا کاتێک بردیانمە ژوورێ، منیان لەسەرکورسیەک دانا و چاو، دەست و لاقمیان بەست و چەند نەفەری کەوتنە گیانم، نەمزانی چەند کەسن، بەڵام زۆر بوون چوون هەر جارە لە شوێنێکەوە لێیان دەدام. پرسیار و تۆمەتەکانیان هەر وەک  ئیتلاعات و نیروی انتظامی بوون، منیش وتم کە من بازجویی کراوم و دەتوانن وەڵامەکانم لەو دوو ناوەندە بگرن. دوایی بۆم دەرکەوت چوار کەسن کە ئەشکەنجەم دەکەن.

یەک لەو کەسانەی لەوێ بوو هەستا بەمست لە سنگ و سەری دام، گووتی کە ئەو وەڵامانەی پێشووت بۆ ئێمە گرنگ نیە، دەبێت لێرە وەڵام بدەیتەوە، ئەوان گوتیان کە تۆ لە گردبوونەوەکاندا بوویت و شاهیدمان  هەیە. منیش گوتم کە دەتوانن ئەو شاهیدانە بێنن بۆ دادگا و رووبەروومیان بکەنەوە.  گوتیان کە شتی وا نابێت و دەستیان کرد بەئەشکەنجە بە هەر چوار کەسەکە  نووسراوەیەکیان نووسی و بەچاوو بەستراوی پێیان مۆر کردم. گوتیان کە تەواو تۆ ئازادیت.

دواتر منیان بە ماشێنێک  کە پڕ بوو لە سەرباز برد  بۆ دۆڵێک لە نزیک سنوورەکانی سەردەشت.  لەو کاتەدا هەستم بەنیگەرانی کرد و زانیم کە ئەوە پلانێکە کە بۆ منیان داناوە. کاتێک دابەزیم لە ماشێنەکە، دیتم کە ماشێنێکی دیکە، کە هەموویان چەکیان پێبوو، راوەستاوە،  پێیان گووتم کە یا قبووڵ دەکەیت کە لە گردبوونەوەکان دابوویت و کەسێکت کوشتوە،  یان رادەستی ئەو کەسانەی دیکەت دەکەین کە لێرە بتکووژن. منیش قبووڵم نەکرد و ئەوان منیان دایە دەستی ئەو ماشێنەی دیکە، کە پڕ بوو لە کەسانێکی دەمامکدار کە رەختی سەربازیان لەبەر کردبوو.

پێیان وتم بڕۆ، پرسیارم کرد بۆ کوێ؟ گووتیان بڕۆ بۆ ناو پژاک، بڕۆ بۆ ناو بنەماڵەکەت، من دەمزانی کە ئەوە پیلانە و گەرەکیانە لە کاتی ڕۆیشتندا بم کووژن. وتم نارۆم و بمگەرێننەوە زیندان، ئەوان ئامانجیان ئەوە بوو کە من بڕۆم دواتر بمکوژن و بڵێن کە هەڵهاتوو و ئێمەش ناچار بووین بیکووژین.

کاتێک وەڵامم نەدانەوە بە شەق و زلە و قۆنداخی چەکەکانیان کەوتنە گیانم و زۆریان ئەشکەنجە کردم، لێ جێی خۆم مامەوە چۆن هەستم کرد کە ئیسقانەکانم شکاون، هەموو دەوریان گرتبووم و بە چەک رێگەکەیان نیشان دەدا و دەیان وت بڕۆ.

وتیان نەرۆی دەتکووژین، بۆ چەند خولەیەک هەستم کرد کە دەمرم. دواتر کڵاوێکیان لەسەر کردم و دەست بەندیان لەدەست کردم و بە ماشێنەکە منیان هەڵگەراندەوە. نزیکەی بیست کەس دەبوون، لەناو مشێنەکەش بەردەوام بوون لە ئەشکەنجە دانم.

یەکێک لەوکەسانە دەستی دەدا لە پشتم و دەیگووت کە جسمێکی باشت هەیە بۆیە ناتکووژین، دەتبەین بیست و چوار کاتژمێر لەخزمەت ئەم بیست کەسەدا دەبیت، دەستدرێژی دەکەینە سەرت، کاتێک نزیکی سەردەشت بووینەوە، ماشێنە یەکەمەکەی کە منی دابوو بەو گرووپە چاوەرێ بوو، منیان وەرگرتەوە و بردمیانەوە بۆ زیندان کە لە پادگانی سەردەشت دابوو.

لەناو پادگان یەکێ لە کارمەندەکان چاوی پێم کەوت، کاتێ برین و دەستەکانمی بینی، بەزەیی پێم هاتوەو و دەستی نەبەستم، تەنیا لاقمی بەست و وتی کە ناتوانم بە تواوی بتکەمەوە، لەوێ کورێکم دۆزیەوە و ژمارەی ماڵی خۆمانم پێدا، وتم زەنگیان بۆ بدە و ئاگاداریان کەوە کە لێرەم.

دوای دوو رۆژ دوبارە لێپرسینەوەیان لێ کردم و دوایی ئەوە منیان بردەوە زیندانی حکومەت لە سەردەشت.

زیندانی حکومەت سەردەشت

چوار مانگ بەسەر گرتنمدا تێپەر ببوو، لە بەرواری ۱۳٨٦/۱۰/٤دا، لە دادگا “انقلاب”ی ئێران لە مەهاباد لقی “یەک” بەدادوەری “چاگ” دادگایی کرام. من پارێزەرم نەگرتبوو، خۆیان پارێزەریان بەسەر داسەپاندبووم و لە دادگاییەکەدا بە شەش ساڵ زیندان حوکم درام.  پێنج ساڵ تاوانی ئەندامیەتی لە پژاک و ساڵێک بەشداری لە چالاکی. دواتر منیان بردەوە زیندانی حکومەت لە سەردەشت، من نارەزایم دەربری و سزاکەم ساڵێک کەم کرایەوە و بوو بەپێنج ساڵ. لەسەردەشت زیندان بچووک بوو، لەبەر ئەوەی کە لەسەر سنوور بوو زیاتر زیندانیانی قاچاخ بوون، هیچ ئارامیەکی تێدا نەبوو، من تا ۱۳٨۷/۲/۲ لەوێ مامەوە و دواتر گواسترامەوە بۆ زیندانی حکومەت لە مەهاباد.

زیندانی حکومەت لە مەهاباد

لەو زیندانە چەند کەسی سیاسی زیندانی کرابوون،  کە ئەوانم دی زۆر خۆشحاڵ بووم و لەهەمان کاتدا نیگەران بوم کە ئەوانیش گیراون و وەک من تووشی ئازار و ئەشکەنجە بوون، بۆ رۆژی دواتر منیان برد بۆ دادگا، کاتێک منیان بردە ناو دادگا سەربازەکان لەوێدا منیان بەجێهێشت،سەرم سورما لەو هەڵسوکەوتەی ئەوان، بەڵام ئامانج لەو هەڵسوکەوتەی ئەوان ئەوە بوو کەمن هەڵبێم و ئەوکات دەستبەسەر بکرێمەوە و دووبارە لێپرسینەوەم لەگەڵ بکەن، لەدوای مانگێک کە لەو گرتوخانەیە بووم، ئیتلاعات هات و داوای منیان کردەوە و دوبارە لێپرسینەوەیان لێکردم.

ئەو کەسە ئیتلاعاتیانە بە منیان وت کە ئێمە یارمەتی تۆ دەدەین و تۆش یارمەتی ئێمە بدە، هەرەشەیان لێکردم کە تۆ هیچت بۆ ناکرێ و گەر ئامادەی هاوکاری بیت بەسوودت دەبێت، کە ولامی نەخیری منیان بیست، هەرەشەی قورستریان لێکردم، دەیانوت پەروەندەی  نوێ ئامادە دەکەین، کاتێک هیچ وەڵامێکیان لای منەوە وەر نەگرت رق و کینەیەکی زۆرییان بەرامبەر من هەڵگرت. هەم ئیتلاعات وهەم “نیروی انتظامی” زۆر تووڕە بوو لەمن و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم.

 دوای دوو کاتژمێر لە لێپرسینەوە، یەکێ لەوان گووتی، ئەوانەی لە زیندان بوون ئەیانناسیت، مەبەستی زیندانیە سیاسیەکان بوو، وتم نەخێر، کاتێک بەو شێوە وەڵامم دایەوە هەرەشەی کرد و گوتی ئەو کەسەی بەرپرسی پەروەندەی تۆ بووە، خیانەتی بە کۆماری ئیسلامی کردوە و پێویستە تۆ سزاکەت زیاد بکرێت.

ساڵێک لەزیندانی حکومەت لە مەهاباد بووم، ساڵی ۱۳٨۷ حکومەت دوبارە دەستی بە لەسێدارەدانی گیراوە سیاسیەکان کردبۆوە. لە گرتوخانەکان بڕیاری مانگرتنمان دا دژی ئەو تاوانەی حکومەت. مانگرتنەکەمان بۆ ماوەی چل ڕۆژ بەردەوام بوو. من و یەک کەسی دیکە دوای چەند ڕۆژێک لەمانگرتنەکەمان بۆ ژوورێکی تاکەکەسی بەرێ کراین.  بە شێوەیەک ئەشکەنجەیان دەداین کە ئارامیمان نەمێنێت، زیندانی گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکانیان دەهێنا ناو ژوورە تاکەکەسیەکان بۆلای ئێمە کە شەو و ڕۆژ ئازارمان بدەن.

 بەڵام ئێمە تا چل ڕۆژ بەو شێوەیە مانگرتنەکەمان بەردەوام کرد.دوای ساڵێکی دیکە واتە لە ساڵی ۱۳٨٨ دووبارە  بێ ئەوەی ئاگاداری هیچ شتێک بم، منیان بردەوە ناو ژووری تاکە کەسی، دوای یەک هەفتە لە ژووری  تاکەکەسیەکە پێیان گوتم کە دور دەخرێمەوە، چەند کەسی ئەمنی بەجل و بەرگی کوردیەوە هاتنە لام، بەڵام کورد نەبوون هەر لەوێدا چاوویان بەستم و سواری ماشێنیان کردم، هەر لەدوایی سواربوونم دەستیان کرد بەئەشکەنجەم تا گەیشتینە پادگانی حکومەت لە مەهاباد.

گرتوخانەی “اوین”

ئەفسەرێک  کە ناوی “خدادادی” بوو و توڕەییەکی زۆری پێوە دیار بوو، وتی ئەشکەنجەی بدەن، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر خستمیانە ژوورێکەوە . کاتێ بوو بە شەو، دەست و چاوویان بەستم و دووبارە خستمیانەوە ناو ماشێن. چوار کەس لەگەڵمدا بوون،  نەمدەزانی بۆ کوێ دەڕۆشتین، بەدرێژایی ڕێگە ئەشکەنجەیان دەدام تاگەشتینە تاران و منیان بردە دادگا “نیابت”، ئەوە لە کاتێک دابوو کە نزیکەی شەو و رۆژێک بوو دەست، پێ و چاوم بەسترابوون. دادوەر ژنێک بوو گوتی کە من بۆ زیندانی “اوین” ببەن.

لەوێ  وەریان نەدەگرتم، دەیان گووت کە ئەمە ترسناکە، بەهەر شێوەیەک بوو زیندانی اوین رەزامەندیان دا، لەو گرتوخانەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ مامەوە، من درام بە بەندی حەوت.  دوای حەوت مانگ بەندی سیاسی دروست بوو. شازدە مانگ لەو بەندە دابووم، هەر لەو زیندانە و لە بەندەکەی خۆم چەند گیراوی سیاسی کە هەڤالی خۆم بوون لەسێدارە دران.

دواتر لە بەهاری ساڵی ۲۰۱۱ دووبارە لەگەڵ چەند کەسی دیکە گواسترامەوە  بۆ زیندانی رەجای شار و  لەوێشدا بەشێوازیکی زۆر ناشیرین هەڵسوکەوتیان لەگەڵم دەکرد.

لە کاتی گەشیتنە زیندانی رەجای شار، بە هێنانی سەگ، لێدان و ئەشکەنجە تەحویلیان گرتین و منیان خستە ناو بەند، نزیکەی پەنجا رۆژ لە قەرەنتینە لەگەڵ گروپێکی ئەلقاعیدە ڕایان گرتم،  ئێمە سێ زیندانی سیاسی بووین و ئەوانیش چل و حەوت کەس بوون. دوای پەنجا ڕۆژ راگوێزی بەند کرام، دوو مانگ لەبەندی یەک بووم، دواتر درامە  بەندی دوو، لەوێ گیراوەکانی مادە هۆشبەرەکان، کەسانی گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان و ئەو کەسانەی “قتل عمد”یان کردبوو، زیندانی کرابوون.  زۆرجار هەرەشەیان دەکرد و دەیان گوت کە هەر بەو زیندانیانەی ناو زیندان دەتکوژین و پارچە پارچەت دەکەین، ئەگەر قسە بکەیت.

زیندانی رەجایی شارکۆتا شوێنی زیندانی کران بوو، بۆیە زیندانیان لەناو زیندان دا  کەسێکی دیکەیان دەکوشت تا ماوەیەکی زۆرتر بژین و سزاکەی زۆر تر بێت.

دوای دوومانگ لەبەندی دوو برامە بەندی شەش، ئەشکەنجەیەکی دەروونی زۆریان دەدام، کاتێ لەگەڵ بەندێک ڕا دەهاتم خۆم دەگونجاند، زوو دەیانبردمە بەندێکی تر. دواین جار لە ساڵی ۲۰۱۲ بردمیان بەندی چوار لە ساڵۆنی دوازدە کە زۆربەی گیراوە سیاسیەکانی لێ ڕاگیرابوون و دوایی ئازاد بووم.

ئەو بەشەی ژیانم زۆر سەخت و ناخۆش بوو و قەت لە یادم ناچێتەوە، هەر لەو ماوەدا چوار هاورێم لەزیندانی “اوین” لەسێدارە دران. هەڤاڵ فەرهاد وەکیلی، هەڤال شیرین عەلەم هولی، هەڤاڵ علی حەیدەریان و هەڤاڵ فەرزاد کەمانگەر.

ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەکان دەیان گووت ئەگەر پەشیمان ببنەوە لەسێدارە نادرێن، بەڵام شەهید فەرهاد دەیگووت کە با لەسێدارە بدرێین، کەسانێک هەن کە ڕێگای ئێمە درێژە پێ دەدەن، ئەوە لەگەڵ ئەوەی خەمێکی گەورە بوو بۆمن هەروەها هێزێکی زۆری پێ دەدام.

دوو زیندانی دیکە هەبوون کە سزای سێدارەیان بوو کە دیان بردن و دەیان وت حوکمتان ئیجرا دەبێت و دوای دەیان هێنانەوە و زۆریان ئازار دەدان. گیراوی تری لێ بوو کە نەخۆش بوون، چارەسەری پزیشکیان بۆ نکردن و گیانیان لەدەست دا.

هەمیشە لە ناخم دابوو کە ئەگەر ئازا بم، زوو دەربازی شاخ ببمەوە و درێژە بە خەبات و چالاکی بدەم، ئەو نەهامەتی، زوڵم و زۆرداریەی بینیم، باوەری منی بە بەرخۆدان دژی حکومەتی ئێران زۆر زیاتر کرد و هیچ کات ناتوانم قبووڵ کەم کە گەلی ئێمە و هاوڵاتیانی ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت ئێران بن. من بینیم کە چی دەکەن لە مرۆڤ، چۆن بەها مرۆڤیەکان پێشێل دەکەن. بۆیە هەر دوایی هاتنە دەرم لە گرتوخانە زوو خۆم گەیاندەوە قەندیل و درێژە بە بەرخۆدان دەدەم.

جێی ئاماژەیە کە هادی ئەمینی زیندانی و چالاکی سیاسی کورد لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٩ هەتاوی لە نزیک شاری مەهاباد هاورێ لە گەڵ دوو کەسی تر دەکەونە بۆستەی هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی ئێران، ئەو هێزانەی ئێران بە ئارپیجی ئەو ماشێنەی کە هەڵگری ئەو سێ کەسە بووە دەکەن ئامانج و لە ئاکام دا هەر سێ کەس شەهید دەبن.

کۆمەڵەی مافی مرۆی کوردستان

%d bloggers like this: