KMMK:
یەکشەممە 13ی ڕەزبەری2720ی کوردی، لەتیف عەبدی چالاکی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی دوو ساڵ زیندان بانگهێشتی زیندان کرا.
لەتیف عەبدی لە دایکبووی 2681ی کوردی، کوڕی نەزیف و لە هاوڵاتیانی دانیشتووی شاری پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
دامەزراوە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بانگهێشتە تلەفونییەکەیان ناوبرایان بۆ تێپەڕاندنی زیندانی داوا کردووە و پێیان وتووە کە خۆی بە دامەزراوە ئەمنییە پێوەندیدارەکان بناسێنێ.
ئەم چالاکە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دانانی بارمتەی 500 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد ببوو و بەر لە ئازادی مەرجدار لە زیندانی دیزەڵ ئاوای حکوومەتی ئێران لە کرماشان ڕاگیرابوو.
دادسەرا و دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم چالاکە سیاسیەیان خستبوویە ژێر گوشار و هەوڵیان ئەوەیە سەرلەنوێ زیندانی بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆخی زیندانکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کرۆنا زۆر نالەبارە.
لەتیف عەبدی لە لایەن دامەزراوە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران هەڕەشەی دوورخستنەوەی بۆ زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج و «اوین»ی تارانی لێدەکەن و پێی ڕاگەیەندراوە کە هەرچی خێراتر خۆی بە بەشی ئیدارەی حوکمەکان بناسێنێ.
ئەم چالاکە سیاسییە بۆ ماوەی چوار مانگە لە بەندی 3ی ئەمنییەتی زیندانی دیزەڵ ئاوای حکوومەتی ئێران لە شاری کرماشان زیندانی کرابوو. لە کۆتاییدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان