KMMK:
هەینی 28ی خەرمانانی 2720ی کوردی، پەنابەرێکی خەڵکی دزڵی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی «موختار رەنجبەر» کە بە هۆی هێرشی پولیسی سنووری کرۆواسی بریندار ببوو، پاش راگواستنی بۆ بیهداری یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەرانی وڵاتی بووسنیا گیانی لە دەست دا.
موختار رەنجبەر لەلایەن پولیسی کرواسی و هەروەها هەنێ کەسی راسیستی ئەو وڵاتەوە کرابووە ئامانج و لێدانی زۆری لێدرابوو.
لەم رووداوەدا هەموو پێداویستی و کەلووپەلی ئەم پەنابەرە دزران و هەر وەها هەڵسووکەوتێکی نامرۆڤانە هەمبەری کراوە.
جێگای ئاماژیە لە کۆتاییدا کەمتەرخەمی پزیشکی بۆ چارەسەری ناوبراو بوو بە هۆی گیان لە دەست دانی ئەم پەنابەرە.
هەر سەبارەت بەم رووداوە چند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم پەنابەرە داوایان لە وڵاتی بووسنیا کردووە کە پشکنینی پزشکی بۆ تەرمی کوڕەکەیان بکرێت و روونکردنەوەکەیان پێ رابگەیەنن بەڵام داواکارییەکەیان تا ئێستا لە لایەن وڵاتی بووسنیاوە بێ وڵام ماوەتەوە.
لە چەند مانگی رابرودوودا چەندین پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەک لەشێوەکان ستەمیان لێ کراوە و تووشی ئازار و زەحمەت بوون و هەروەها چەند رووداوی خۆکووژی پەنابەرانی رۆژهەڵات لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە راگەیاندراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتی ئوروپا و رێکخراوە مافی مرۆڤییە کانی جیهان داوا دەکات بابەتی پەنابەران بە گشتی و پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت بە وردی لەبەر چاو بگیرێت و ئەو وڵاتانەی کە پەنابەر وەردەگرن ناچار بکەن سیاسەت و روانگەیان سەبارەت بە بابەتی پەنابەر بەرەو باشتربوون بگۆڕن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان