ئارام فەتحی بانگهێشتی پۆلیسی «فتا» کرا

KMMK:
ڕۆژی سێشەممە 8ی رەزبەری 2720ی کوردی ، ئارام فەتحی ، چالاکوانی مەدەنی دانیشتووی شاری مەریوان ، بانگهێشتی پۆلیسی «فتا» سەر بە حکوومەتی ئێران لە مەریوان کرا. لە ناو ئەو بانگهێشتنامە کە بۆ ڕۆژی پێنج شەممە 10 رەزبەر دیاری کراوە ، ناوبراو دەبێ بچێتە بنکەی پۆلیسی «فتا».
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە گەیشتۆتە کۆمەڵەیمافی مرۆڤی کوردستان، ناوبراو بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستدرێژی پیاوێکی شەست ساڵە بۆ سەر منداڵان، بانگ کراوە بۆ ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە.
ساڵێک لەمەوبەر ئەو چالاکوانە مەدەنیە باسی دەستدرێژی سێکسی پیاوێکی شەست ساڵە بۆ سەر کچە منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵاندا کردبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کەسوکاری پیاوە تەمەن 60 ساڵەکە (ا.ر) سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد و ئێستاش بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ دەیانەوێت دادگای بکەن.
ئارام فەتحی چەند مانگێک پێش ئێستا هەر لەسەر ئەو بابەتە بۆ پۆلیس بانگهێشت کرابوو.

بانگکردنی ئەو چالاکوانە مەدەنیە لە کاتێکدایە کە دەبوو  ئەنجامدەر و بکەری دەستدرێژیەکە دادگایی و لێپێچینەوەی لێبکرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە بری دروستکردنی ئاسایش و دادگایی تاوانباران و ڕەخساندنی کەشی کاری ئارام بۆ چالاکانی مەدەنی ، هەڕەشەیان لێ دەکات و دەیانخاتە بەر لێپرسینەوە و گوشار.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان