سەردەشت: دەرکردنی حوکمی چۆڵ کردنی6 گوندی سنووری لە لایەن هەنگی سنوورییەوە

KMMK:
هەینی 4ی ڕەزبەری2720ی کوردی، هەنگی سنووری حکومەتی ئێران لە سەردەشت بە پاساوی ئەوەی ئەم گوندانە لە دەورووبەری خاڵی سووری سنووری هەڵکەوتوون، بە دانیشتووانی ئەم گوندانەیان وتووە کە گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ئەم گوندانەی کە لە هەوڵی چۆڵ کردنیان دان بریتین لە: هەرزنێ، ئەشکانی خوارێ، تێت خوارێ، گاکە، بەردان و گوڕەشێرە.

شیاوی باسە کە نوێنەری دەست نیشانکراوی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی بۆ شاری سەردەشت و پیرانشار، کەماڵ حسێن پوور لە نامەیەکدا کە بۆ دەبیری شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران دوکتۆر شەمخانی ناردووە، داوای لە ناوبراو کردووە کە خەڵکی گوندی ناوچە سنوورییەکان هەژارن و بە بێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی ژیان و مۆڵەت لێگرتنیان دەکەونە حاڵەتێکی نەخوازراو و تەنگەژەوە بۆیە پێویستە تایبەتمەندییەکانی ئەوان لە بەرچاو بگیردرێ و شوێنی نیشتەجێ بوون و کاریان بۆ دابین بکرێ.
کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو هەردەم کە ویستوویەتی ژینگە و دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕێت و لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتدارێتیدا کوردستانی وەکوو ناوەندی شەڕ و میلیتاریزم چاو لێکردووە و هەردەم بە بیانوویەک پەلاماری دەڤەرێکی داوە.
ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم کردەوە دزێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو پاکتاوی دەڤەرە کوردنشینەکان و سڕینەوەی ناوچە کوێستانییەکان لە خەڵکەکەی و ڕاگەیاندنی بە ئاشکرای شەڕ دژی گەلی کورد دەزانین و داوای لە هەموو گەلی کورد دەکەین بەرانبەر بەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی لە هەر لاوە هەڵوێست بگرن و هاوکات داوا لە هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکەیەن بەرانبەر بەمکردەوە سەرکوتکارییەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان