مەهاباد: حکوومەتی ئێران لە ناوەڕاستی شار بە “ئاڕپیجی” ماشێنێکیان بە چوار موسافرەوە کردە ئامانج

KMMK:

شەممە 30ی خەرمانانی 2720ی کوردی، هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە شاری مەهاباد ماشێنێکیان بە چوار موسافرەوە بە چەکی ئاڕپیجی کردە ئامانج و هەموو دانیشتوانی ناو ماشێنەکە کوژراون.

هێزەکانی سپای پاسداران لە دەوورووبەر گوندی “کۆنەدێ” ئەم ماشێنەیان لە دوای ڕاوەدوونانێکی کورت ماوە کردۆتە ئامانجی ئارپیجی و لە ئەنجامدا ئەو چوار دانیشتوەی ناو ماشێنەکە دەکوژرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناونیشانی یەکێک لەم موسافرانەی ئەم ماشێنە “خدر بایزیدی” خەڵکی بۆکان ڕاگەیەندراوە.

دانیشتوانی ناوچەکە ڕایان گەیاندووە کە سێ کەسەکەی دیکە لە ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و ناونیشانیان هێشتا ئاشکرا نەکراوە.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەم پێوەندییە بڵاو نەکردۆتەوە و دژکردەوەیەکیان نەنواندووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم کردەوەی حکوومەتی ئێران وەکوو جینایەتی جەنگی، پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤ و کوشتنی بە ئەنقەستی بە کۆمەڵ دەزانێ.

حکوومەتی ئێران بە پێی هیچ یاسایەک ناتوانێ دانیشتوانی ماشێنێک کە ئامانجیان تێکهەڵچوون نەبووە و لە کاتی ڕۆیشتن لە ناوچەی ئاوەدانییەوە بوون بکاتە ئامانجی چەک.

کەڵک وەرگرتن لە چەکی نیوە قورس دژ بە چوار دانیشتووی بێ چەک کە ئامانجیان شەڕ نەبووه و هەوڵیان داوە کە لە ناوچەی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک بچنە دەرەوە، بەڵگەیەکە لە سیاسەتە کۆلۆنیاگەر و سەرکوتگەری و دژە مرۆییەکانی حکوومەتی ئێران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: