KMMK:
زیندانی عەقیدەتی سونی مەسەبی کورد «قاسم ئابستە» سەرەڕای نالەباربوونی دۆخی تەندرووستی، لە پێڕاگەیشتن و دەواو دەرمان بێبەش کراوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، قاسم ئابستە کە ئێستا لە زیندانی حکوومەتی ئێران بە ناو”رەجایی شاری کەرەج” دەستبەسەرە، بە هۆی ئازاری گەدەیەوە دەناڵێنێت و بە پێی سەرچاوە نافەرمییەکان ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی گەدەوە هەیە.
بە گوتەی دوکتورەکانی زیندان؛ ناوبراو پێشتر بە هۆی گرێی تیرۆئیدەوە نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئەو گرێیەی کە لەجۆری شێرپەنجەی کەم مەترسی بووە چارەسەر کراوە بەڵام ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە ناوبراو تووشی شێرپەنجەی گەدە یاخود کوڵۆن بووبێت.
جێگای سەرنجە کە، بەرپرسای زیندان رێکری دەکەن لە گواستنەوەی ئەم زیندانییە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەو ئەنجامی تاقی کردنەوە بۆ ئازارەکانی و تەنانەت حەبی ئازارشکێنیشیان لی قەدەخە کردووە.
قاسم ئابستە هەروەها لە ئازاری گورچیلەو ئارترۆزی شان و مل دەناڵێنێت و ئێستاش بە هۆی ئەو گرێیەی لە گەدەی دایە چەندین رۆژە تووشی سکچوون بووەو ۱۰ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە.
شایەنی باستە قاسم ئابسە لە ساڵی ۲۷۰٨ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و راگوێزی گرتووخانەی حکوومەت لە کەرەج کراو پاشان لە ساڵی ۲۷۱٨ لە لقی ۱۵ دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری تاران و دادوەر قازی “سەڵەواتی” بە تۆمەتی شەڕ دژی خودا “محاربە” بە سێدارە سزا درا و ئەم حوکمە لەلایەن لقی ۴۱ دیوانی باڵای ئێرانەوە سەڕاست کرایەوە و ئێستا لە هۆڵی ۲۱ی بەشی ۷ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج دەستبەسەرە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان