KMMK:
ڕۆژی سێشەممە ۲۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۰ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی” دارەلەک”ی سەر بە ناوچەی چەمی مەجیدخانی بۆکان بەناونیشانی” عەبدوڵڵا چاوشی” بە دانانی بارمتەی سەت ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە دەستبەسەری ناوبڕاو بە بێ پێبوونی حوکمی قەزایی هاتۆتە ئاراوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەری و تاوانی ناوبراو ئاشکرا نەکراوە.
شیاوی باسە عەبدوڵڵا چاووشی ڕۆژی دووشەممە ۱۶ی پووشپەڕی ئەوساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان کە جلی مەدەنییان لە بەردابوو لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری ورمێ ڕاگواسترابوو.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینیەوە تا ئێستە بەم حاڵەتەوە ۱۲۵ هاوڵاتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران ـەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان