KMMK:
دووشەممه ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناونیشانی” مادێح فەتحی” یان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لەم شارە گواستەوە.
بە پێی کوتەکانی یەکێک لە خزمەکانی ناوبراو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ئەم چالاکه ژینگەییە و درگای ماڵەکەیان شکاند و ناوبراویان دەستبەسەر کرد کە بە هۆی شۆکی ئەو هێرشە هاوژینی مادێح فەتحی خاتوو” سەحەر کازمی” کە دووگیان بووە بۆ نەخۆشخانە ڕاگواسترا.
شیاوی باسە کە بەڕێز مادێح فەتحی لە ماوە یەکساڵی ڕابردوو دووجاری دیکه لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتەوە دەستبەسەر و هەر جارە و پاش لێپرسینەوە و هەڕەشە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئازاد کرابوو.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ١٢١ کەس لە چالاکانی مەدەنی، سیاسی، ژینگەیی و … لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان