KMMK:
دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، دوو هاوڵاتی دەستبەسەر کراو لە شاری نەغەدە لە گرتوخانەی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری ورمێ بۆ گرتوخانەی حکومەت لە شاری نەغەدە گواسترانەوە.
بە پێت راپۆرتەکە: «نەوید موحەمەدی و خالێد موحەمەدی» پاش دەستبەسەر کردن دەبرێنە یەکێک لە گرتوخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ و پاش تێپەڕاندنی لێپێچینەوە دەبرێنە بەندیخانەی حکومەت لە شاری نەغەدە.
هەروەها لە هەواڵێکی تردا، «حوسەین حەسەن زادە» کە لە بڕواری ١ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوو، قەراری دەست بەسەر کردنەکەی لەلایەن دادگەی ئێرانەوە لەو شارە بۆ جاری دووهەم پەسەند کرایەوە.
بە پێی راپۆرتەکە ناوبراو بە تۆمەتی رێک خستنی ناڕەزایەتی مامۆستایانی ئەو شارە و چالاکی پیشەیی تایبەت بە مامۆستایان دەستبەسەر کراوە.
هەروەها ناوبراو خەزوری بەندکراوێکی پیشەیی مامۆستایانە بە ناوی« یاسر ئەمینی ئازەر»ە کە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی لەوشارە ئازاد کراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان