دەستبەسەری هاوڵاتییەکی خەڵکی کرماشان

KMMK:

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هاوڵاتییەکی چالاکی مەدەنی بە ناوی “خەلیل حسێنی” دانیشتووی جەعفەرئاوای کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنکی نادیار ڕاگواستراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ئەم هاوڵاتییە لە کاتێکدا لە ماڵی خۆی چوەتە دەرەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستە هیچ دامەزراوەیەک ئاشکرای نەکردووە کە لە لایەن ئەوانەوە دەستبەسەر کراوە.

شیاوی باسە ناوبراو حەوتووی ڕابردوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بە ئێعدامی دوو هاوڵاتی کورد و سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر سێ دەستبەسەرکراوی مانگی گەلاوێژ دەربڕیبوو، هەر بۆیە کەوتە پێش چاوی هێزە ئەمنییەکانی و ڕفاندوویانە و مەترسی کوشتنی ئەو هاوڵاتییە لە ئارادایە.
ناوبراو یەکێک لە چالاکە مەدەنیە دیارەکانی کرماشان لە رۆژھەڵاتی کوردستانە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم حاڵەتەوە ١٠٢ هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران ـەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی گرتووخانەکان کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان