KMMK:
ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی “فەتاح فروهەر” خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە بە لێدان و بە بێ نواندی مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی ژیانی خۆی دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ئێران دەستبەسەر کراوە و تا ئێستە بنەماڵەکەی نەیان توانیووە پێوەندی لە گەڵ بگرن ولە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەری کـراوە.
شیاوی باسە ئەوڕۆ بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ناوبراویان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئێران لە پیرانشار بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ورمێ گواستەوە.
لە هەواڵێکی دیکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢۶ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هاوڵاتییەکی گەنجی خەڵکی شاباد کرماشان بە ناوی ” موجتەبا بەساتی” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ناوبراو بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەت لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بە مەبەستی مەحکووم کردنی حوکمی ئێعدام بۆ سێ کەس لە ناڕازیانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو و هاوکات دۆخی ناجێگری ئابووری ئێران و نەبوونی کار و قەیران و تەنگەژە لە ژیانی خەڵک دەستبەسەر کراوە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم دوو حاڵەتەوە ٩۴ هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


