ورمێ: کۆڵبەرێک بە هۆی گرانی برینی بەرکەوتنی فیشەک گیانی لە دەست دا

KMMK:

هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، “شەمزین ئەحمەدی” خەڵکی ورمێ کە حەوتووی ڕابردوو لە بەرزاییەکانی ” سۆمای برادۆست” سەر بە ورمێ بە هۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی بریندار ببوو لە بەر گرانی برینەکەی گیانی لە دەست دا.

١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هێزە سنوورییەکانی ئێران گرووپێک کۆڵبەریان لە ناوچەی سنووری سۆمای برادۆستی ورمێ کردە ئامانج کە لە ئەنجامدا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی حیکمەت ئەحمەدی، شەمزین ئەحمەدی و ڕەوشەن جەهانگیر برینداربوون.
ئەم سێ کۆڵبەرە بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی شاری گەوەڕ لە باکووری کوردستان هەڵکەوتە لە جوگرافیای هەنووکەی وڵاتی تورکیا گوازرانەوە. بەڵام مەخابن شەمزین ئەحمەدی بە هۆی گرانی برینەکەی گیانی لە دەست دا.

شیاوی باسە کە: برایەکی دیکەی شەمزین بە ناوی ئەرسەلان ئەحمەدی له ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی لە کاتی کۆڵبەری لە خاڵی سنووری شاری ورمێ بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ئاماری بریندارەکانیش بە ٩٠ کەس گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: