زارا محەممەدی دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا

KMMK:

سێشەممە ٢۴ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، زارا محەممەدی چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کەلتووری ـ کۆمەڵایەتی “نۆژین”ی شاری سنە لە لایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ســنە دە ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێنرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە ئەو حوکمەی ئەم مامۆستای زمانی کوردییەی پێ تاوانبار کراوە “پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی” بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

شیاوی باسە کە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی، ناوبراو لە لقی یەکی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی دادگایی کرابوو.
بڕینەوەی حوکمی دەساڵ زیندان بە سەر ئەم چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردییە لە کاتێکدایە کە جگە لە چالاکیگەلی مەدەنی و فێرکاری زمانی کوردی بە منداڵان هیچ چەشنە چالاکییەکی دیکەی نەبووە و دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی” هیچ چەشنە بەڵگەیەکیان لەسەر ئەو تۆمەتە نەنواندووە.

زارا محەممەدی ٢٩ ساڵ تەمەن و چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، ئەندامی لێژنەی ڕێوەبەری ئەنجوومەنی کەلتووری نۆژین، نیوەڕۆی پێنجشەممەی ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی لە ماڵی باوکی دەستبەسەر کرا.

زارا جگە لە فێرکاری زمان و ئەدەبی کوردی لە دامەزراوەی نۆژین، لە هەڕەتی بوولەرزەی کرماشان و سێڵاو لە لۆڕستان و خوزستان، لە چوارچێوەی هەمان ئەنجوومەن و بە یارمەتی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە، یارمەتی خەڵکیان کۆدەکردەوە و بۆ ناوچە خەسار بەرکەوتووەکانیان دەناردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان