KMMK:
یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، لە ئەنجامی تێهەڵچوونی نێو بنەماڵە ژنێکی بە هۆی بەرکەوتنی زەبری چەقۆ بە گرانی برینداربوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
لەم تێهەڵچوون و دەمەقاڵەیە ژنێکی تەمەن ٣۵ ساڵ بە ناوی (ن. ڕ) لە لایەن هاوژینەکەیەوە(ئا. ڕ) بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و بە هۆی زەبری گرانی چەقۆ بە گرانی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری سەردەشت گوازراوەتەوە.
سەرهەنگ مووسا بەهاری فەرمانداری ئینتزامی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشت لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە: ئەوڕۆ ئێوارە لە ڕێی پێوەندییەکی تەلەفوونی بۆ ناوەندی پولیسی فریاکەوتنی ١١٠ لە شەڕ و تێهەڵچوونی خێزانێک و برینداربوونی ژنێک له لایەن هاوژینەکەیەوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی سەردەشت ئاگادار کراونەتەوە.
بە پێی گوتەکانی ئەم بەرپرسە حکوومییە شەڕ و تێهەڵچوونی نێوان ئەم ژنە و هاوژینەکەی بە هۆی کێشەی خاوخێزییەوە بووە. هاوژینی ئەم ژنە کە ٣۵ ساڵی تەمەنە، دەستبەسەر و دۆسیەیەکی لەم پێوەندییەدا بۆ کراوەتەوە و بۆ ڕەوتی یاسایی ڕەوانەی سەرچاوە قەزاییەکان کراوە.
پشتیوانی نەکردنی یاسا لە ژنان و یاسای پیاوسالاری و هەڵاواردن دژ بە ژنان ئەم دەرفەتەی بۆ پیاوان ڕەخساندووە کە بێ هیچ گومان و ترسێک لە بەدواداچوونی یاسایی ژنان دەگرنە ئامانج و زۆرجاریش دەیان کوژن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان