KMMK:
شەممە ۲۱ پووشپەڕی ۲۷۲۰ کوردی، “عەبدوولئەحەد بەزم ئارا” بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی ڕاپۆرتێک: “عەبدوولئەحەد بەزم ئارا” به تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە پۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ۲۷۱۹ دەسبەسەرکرابوو و ۱۱ ساڵ زیندانی تەعزیری و مانەوە لە زیندانی حکوومەت لە شاری نەغەدەی بەسەردا سەپا بوو، ناوبراو دوای وەرگرتنی پشووی کاتی لە زیندان، دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
جێگای سەرنجە کە: بەڕێوەبردنی شێوازی ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستێک دایە کە نەتەنیا بە هێشتنەوەی تاکەکان لە زیندانەکان و ژووری تاکەکەسی کۆتایی نایە کە ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی لە سەر گیراوان لە ئەوپەڕی نامرۆڤی دایە و زۆر جار گیراوان لە بواری رۆحی تووشی کێشەی جددی دەبنەوە.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان