مهاباد: دەستبەسەری مێرمنداڵێکی ١۶ ساڵ تەمەن

KMMK:

ڕۆژی سێ‌شەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، مێرمنداڵێکی ١۶ ساڵ تەمەن بە ناوی ” مەتین خولە” خەڵکی مەهاباد لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترا.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە قەزایی و ئەمنییەکان، تا ئێستە شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتی پێی دەستبەسەر کراوە ئاشکرا نەکراوە.

شیاوی باسە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەردەم و بە تایبەت لەم دواییانەدا پەلاماری هەر کەس و تەنانەت کەسانی بە ساڵاچوو و مێرمنداڵیش دەدات و ڕاپێچی گرتووخانەیان دەکات و زۆرجاریش لە ژێر ئەشکەنجە دەیان کوژێ و یان زیندانی دەمدرێژیان بە سەردا دەسەپێنی.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم حاڵەتەوە ٨۶ کەسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: