KMMK:
چوارشەممە ۱۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۰ی کوردی KMMK ئاگادار کرایەوە کە چەند رۆژی پێش فاتح مەحەمەد خانی کە چالاکێکی ژینگەیە لە ماڵی خۆی لە شاری جوانرۆ دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیاری گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناوبراو یەکێک لەو چالاکوانانە بووە کە بەشداربووە لە کوژاندەوەی ئاگرەکەی دارستانی مرخێڵ و لەو چالاکییە ژینگەپارێزیە بەشدار بووە.
سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو باسی دمەقاڵە و بێحورمەتی هێزەکانی سپا بەو چالاکە ژینگەپارێزە دەکات و دەڵێت لەکاتی کوژاندەوەی ئاگرەکە دا هێزەکانی سپا گوشاری بۆ دێنن و بێحورمەتی پێدەکەن، هەر ئەوە دەبێتە هۆی سازبوونی دمەقاڵە و هێزەکانی سپا هەڕەشە لە ناوبراو دەکەن.
لەو دمەقاڵەیە دا هێزەکانی سپا لە ناوبراو دەدەن و بێحورمەتی پێدەکەن.
سەرچاوەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژە دەکات کە هێزەکانی سپا بە ماشین «ون»ی جام ڕەش هێرش دەکەنە سەر ماڵی فاتح مەحەمەد خانی و دوایی بەستنی چاو و کەلەپچەکردنی ناوبراو لەگەڵ خۆیان دەبەن.
ئەو هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیانەی سپا ناوبراو دەگوێزنەوە بۆ «سازمان اطلاعات سپاه» لە حافزیەی کرماشان.
جێی ئاماژەیە کە ناوبراو تەنیا لە بەشی ژینگە و وەرزشوانی چالاکە و هیچ چالاکیەکی سیاسی نەبووە و یەکێک لە خێرخوازەکانی دیاری ئەو ناوچەیە لە رۆژھەڵاتی کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


