کوژرانی شوانێکی سەردەشتی و پاوەی لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئێران

KMMK:
سێ شەممە ۱۷ پووشپەڕی ۲۷۲۰ کوردی، هێزە سەربازییەکانی ئێران لە دەشتی وەزنێ سەربە سەردەشت شوانێکی سەردەشتیان دایە بەر تەقەی راستەوخۆ و ئەو شوانە بەناوی یۆسف ئەحمەدی خەڵکی ئاڵۆاتانی سەر بە میراوەی سەردەشتیان کووشت، ناوبراو بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک و قوڵ بوونی برینەکەی گیانی لەدەست داوە.
جێی ئاماژەیە کە هێزە سەربازییەکانی ئێران بێ ئاگادارکردنەوە و راستەوخۆ ئەو شوانەیان داوەتە بەر فیشەک و کوشتوویانە.
لە ڕاپۆرتێکی تر کە بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناردراوە، ئاماژە بە گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێک بە ناوی ئایەت یۆسفی کراوە کە خەڵکی گوندی زمانە لە سەلاسی باوەجانی. ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵێک کۆڵبەری تر دەکەوێتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە کاتی هەڵاتن گیانی لەدەست داوە.
رۆژی دووشەممە ۱۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۰ کوردی هێزەکانی هەنگی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی پاوە بۆ نۆدشە و لە نزیک «پردی زڵته» کەمین بۆ کۆڵبەران دادەنێن و رێگەیان لێ دەبەستن. کۆڵبەرەکان هەڵدێن و دەچنە ژێر پردەکە و لەو هەڵاتنەدا ئەو کۆڵبەرە دەکەوێتە نێو چەم و گیانی لەدەست دەدا.
بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ژمێریاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تا ئێستا ۳۴ کۆڵبەر کوژراون، بە هەژمار کردنی ئەو کوڵبەرە رێژەی کوژراوان دەگاتە ۳۵ کۆڵبەر. هەروەها بە هەژمار کردنی ئەو هاوڵاتییە رێژەی هاوڵاتیانی کوژراو دەگاتە ۴ کەس.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: