KMMK:
رۆژی هەینی ١٣ی پوشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵان بە ناسناوی« رێبین ئیسماعیلی» لە نزیک گوندی ویزەی سەر بە چۆمان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە بریندار کرا.
بە پێی وتەکان ئەحمەد گەڵاڵی بەرپرسی بنکەی تەندروستی ناوچەی چۆمان: پاش گەیاندنی ئەم لاوە بریندار کراوە بۆ بنکەی تەندروستی چۆمان و پاش تیمارکردنی سەرەتایی بە هۆی ئەوەی کە فیشەکێک لە لاقی راستی داوە و لەوێ ماوەتەوە بە مەبەستی نەشتەرگەری بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە: ئەم شوانە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ وماڵاتەکەی بە بێ هۆکار لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێ کراوە و بە فیشەکی چەکی جۆری (بی کەی سی) بریندار کراوە.
دەبێت بەبیر بهێنینەوە کە: رۆژی چوار شەممە ١١ی پوشپەڕ هەروەها لە کوێستانەکانی « کانی رەش» سپای پاسداران بە چەکی جۆری دوشکا گاڕانێک مەڕ و ماڵاتیان بەر فیشەک دا و ٢٠ سەر لەو مەڕ وماڵاتەیان کوشت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان