KMMK:
لە ڕوانگەی کومەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گیان لەدەستدانی چالاکانی ژینگەپارێز گوماناویە و لەسەر ئەو باوەڕەین کە کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران ئەو ژینگەپارێزانەی بەئەنقەست لەناو بردوون.
بەپێی وتەکانی خەڵکی ناوچەی پاوە و مەریوان، سپای پاسداران هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەیە.
لە لایێکی ـترەوە ئەو ناوچانە لەلایەن ئەو هێزەوە مین ـڕێژ کراون و لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکان زۆرجار ئەو مین ـانە دەتەقنەوە.
خەڵکی ناوچەکە و کەسانێک کە لەگەڵ ئەو ژینگەپارێزانە لە پەیوەندی دابوون بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤیان ڕاگەیاندوە کە “موختار خەندان”، “بەلال ئەمینی”، “یاسین کەریمی” شارەزاییەکی زۆریان لەسەر ئەو ناوچە و بەتایبەت لەسەر ناوچە دارستانیەکان هەبوە و زۆر جار دەستیان داوەتە کوژانەوەی ئاگری ئەو دارستانانە و هەر بە هۆی شارزا بونیان ئەگەری گیان لەدەستدانیان بە هۆی ئاگرکەوتنەوە پوچەڵ دەبێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە وتووێژ لەگەل چەند چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان هەر ئەو بابەتی بۆ دەرکەوت و ڕایانگەیاندوە کە “شەریف باجور” و “ئومێد حسێن ـزادە” کە لەساڵی ۲۷۱٨ی کوردی بەهۆی ئاگر کەوتنەوەکانی دارستانەکانی مەریوان گیانی خۆیان لەدەستدا تەواو شارەزای ناوچەو دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بوون و گیان لەدەستدانیان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە نایەتە قەبوڵ کردن.
هەر ئەوکات خەڵکی ناوچەکە باسیان لە تەقینەوەی مینە شاردراوەکانی سپای پاسداران دەکرد و لەو باوەرە دابوون هەر ئەو مین ـانە هۆکاری گیان لەدەستدانی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان بوون. هەر ئەو شتەی کە ئیستا لە لایەن خەڵکی پاوەوە باسی لێدەکرێت.
شتێکی ـتر کە گیان لەدەستدانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزانە گوماناوی ـتر دەکات، گوشاری هێزە ئەمنییەتیەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنەماڵەی گیان لەدەستدراوەکان بۆ ناشتنی بەپەلەی تەرمی چالاکوانەکانە.
هێزە ئەمنییەتیەکان لە شاری مەریوان ڕێگریان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئاسایی بۆ بەخاک سپاردنی ئەو چالاکوانانە کردوە و تەرمەکانیان شەوانە و بێ هیچ ڕێوڕەسمێک بەپەلە بەخاک سپێردران.
جێگای ئاماژەیە لە هیچکام لەو ڕووداوانە ئیزنی تۆژینەوە (کالبد شکافی)، کە لەو ڕێگەوە بتوانرێت هۆی گیان لەدەستدانی ئەو سێ کەسە ڕوون بکرێتەوە، نەدراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو سێ کەسەی خنکان بە هۆی هەڵمژینی دووکەڵ و سووتان ڕاگەیاندوە.
کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە گیان لەدەستدانی ئەو چالاکوانانە ئاسایی نییەو هۆکاری سەرەکی سپای پاسدارانە.
تا ئێستا گوێبیستی دەیان ڕاپۆرت لە لایەن خەڵکی ناوچەکە بوویین کە ڕایانگەیاندوە، هێزەکانی سپای پاسداران و دارودەستەکانی سەر بەو گرووپە تیرۆریست ـیە دەستیان داوەتە ئاگرتێبەردان و لەناوبردنی دارستانەکان و بەجاران هەڕەشەی مەرگ و دەستبەسەرکردنیان لە چالاکوانان و ژینگەپارێزان کردوە.
لەسەر ئەو ئەساسە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی گیان بەختکراوان، سازی و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان دەخوازین کە داوای کۆمیتەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە و سەرراست کردنەوە و هەروەها دۆزینەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژینگەپارێزانە یارمەتی ـدەر بن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان