هەڕەشەو بانگهێشت کردنی بنەماڵەی چالاکی سیاسی سیامەک مەلا محمدی

KMMK:

رۆژی شەمە ۷ ی پووشپەڕی ۲۷۲۰ کوردی، ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد، چەند کەسێک لە بنە ماڵەی چالاکی سیاسی و چالاکی پێشووی خوێندکاری ” سیامەک مەلا محمدی ” لە رێگای تەلەفوونەوە بانگهێشتی ئەم ناوەندە ئەمنییە کرد و لێپێچینەوەی لێ کردن.

بە پێی راپۆرتەکە: ئەم ناوەندە ئەمنیەی حکوومەتی ئێران، سیروان مەلا محمدی برای سیامەکیان بە پەیوەندی تەلەفوونی بانگهێشت کردوە و دواتر خستوویانەتە ژێر لێپێچینەوە. ناوەڕۆکی لێپێچینەوە کە وەرگرتنی هەنێ زانیاری سەبارەت بە چالاکییەکانی سیامەک و گوشار خستنەسەر بنەماڵەکەی بۆ گەڕانەوی بۆ ناوخۆی رۆژهەڵات بووە. هەر لەم بارەوەدا دوو خوشکی دیکەی سیامەک لە رێگای تەلەفوونەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران داوایان کردووە لە براکەی کە سیامەک مەلا محمدی ناچارکەن بە گەڕانەوە بۆ ئێران و وازهێنان لە خەبات و چالاکی سیاسی.

سیامەک مەلا محمدی دەرچووی زانکۆی خاجە نەسیر لە بەشی کارەبا و خوێندکاری ئەندازیاری ناوەکی لە زانکۆی پولی تکنیک بوو کە لە ساڵی ۲۷۱٥ جارێک دەستبەسەر کرابوو و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد ببوو. ناوبراو لە خوێندکارە بێ بەشکراوەکان لە خوێندن بوو کە لە کۆتایی دا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە ناچاربوو ئێرانو رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ بهێڵێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان