KMMK:
سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هێز ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیان کوتایە سەر ماڵی باوکی محەممەد ساڵح خۆشمەرام چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی و بنەماڵەی ئەم چالاکە مافی مرۆڤییەیان خستۆتە ژێر گوشارەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکان؛ سەر لە بەیانی کاتڕمێر پێنج نێزیک بە دە کەس لە کەسانی جلی مەدەنی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی عەبدوڵا خۆشمەرام باوکی بەڕێز مەحەمەدساڵح لە وەلەندەی سەروو سەر بە ورمێ و هەموو ماڵەکەیان گەمارۆ داوەو پشکنیوە. محەممەد ساڵح خۆشمەرام لەم پێوەندییەدا لە وتووێژێکدا بە KMMKی کوت: بە پێی وتەی دڕاوسێ و شایەتحاڵان، ئەم هێزانە هەڕەشەیان لە باوک و دایکی ناوبراو کردووە و داوای شوێنی نیشتەجێبوونی محەممەد ساڵح کردووە، ئەم هێزانە لە کاتی چوونە ژوورەوە چەکی گەرمیان پێبووە و بە زۆر بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی چوونەتە ژوورەوە.
شیاوی باس کە محەممەد ساڵح خۆشمەرام نێزیک سێ مانگ لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە زینداندا بووە و لێپرسینەوەی لێکراوە. پاش ئازادی مەرجدار بۆ پاراستنی گیانی خۆی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوەتە دەرەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان