سووکایەتی ئیمامی جەماعەتی شاری ئەڵوەند بە پێڕەوانی ئایینی یارسان و حوکمی قامچی بۆ ئەو کەسەی بەرهەڵستی ئەم سووکایەتییە بوویەوە

KMMK:

مەسعوود مەهدەوی ئیمامی جەماعەتی شاری ” ئەڵوەند”ی قەزوین لە ئاخافتنێکدا پێڕەوانی ئایینی یارسان”یاری” بە قیزەون و گڵاو ناوزەد کرد و ” عەلی قەدەمی” یەکێک لە پێڕەوانی یارسان و ئەندامی شۆرای شاری ئەڵوەند بەرانبەر ئەو وتانە کوتی؛ ئەو کەسەی پێڕەوانی ئایینی یاری بە گڵاو بزانێ بۆ خۆی گڵاوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە: پاش بەرپەرچدانەوەی ئەم ئەندامەی کۆمەڵگای یارسان، ئیمامی جەماعەت سکاڵایەکی بەرز کردەوه و لە لایەن سیستەمی قەزایی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕێز قەدەمی بە٤٠ زەبری قامچی مەحکووم کرا. هەروەها ئەم مەلایە بە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی شاری بیدەستانی قەزوێن لە نێو کۆمەڵگەی یارسان ناڕەزایەتی نواند و وەکوو هەڵەیەک نرخاندوویەتی.

هەر لەم پێوەندییەدا کۆمەڵگای یارسان” ئەهلی حەق” لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکووم کردنی لێدوان و بیرو بۆچوونەکانی ئەو مەلایە داوای سزادانی لە سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی بریندار کردنی سۆزی گشتی ئەو کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەی یارسان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کوتی: “دوابەدوای لێدوانی ئیمامی جەماعەتی شاری ئەڵوەند لە هەمبەر سووکایەتی بە ملوێنان پێڕەوی ئایینی یارسان ئەهلی حەق و بریندار کردنی هەستی خاوێنی خەڵکی یاری وێڕای مەحکووم کردنی تەواوی قسەکان و نەفرەت و بێزاری لە کوتە پڕ لە فیتنە و ئامانج دارەکانی ناوباو لە چوارچێوەی ئاژاوە نانەوە لە کۆمەڵگا خوازیاری بە گژداچوونەوەی یاسایی لە چوارچێوەی یاسای قەزایی ئێرانداین.”

شیاوی باسه کە: پێشتووتر و لە ڕێکەوتی ١٤ی گوڵان گرووپێک لە ڕدین سپییانی کۆمەڵگەی یارسان بە مەستی وەرگرتنەوەی ڕەزامەندی و لێ وەرگرتنەوەی سکاڵاکەی سەردانی ماڵی ئەو مەلایەیان کردبوو کە لە گەڵ دژایەتی ئەو مەلایە ڕووبەڕوو بوونەوە. یارسان یان ئەهلی حەق ئایینێکە کە لە سەدەی حەوتی کۆچی لە لایە حەزرەتی سوڵتان سەهاک لە ناوچەی هەورامان لە پارێزگای سنە دامەزرا.

کۆمەڵەی پێڕەوانی ئەم ئایینیە لە ئێران نێوان یەک بۆ سێ ملوێن مەزەندە دەکرێ. ناوەند و کۆی پێڕەوانی ئایینی یارسا لە پارێزگای کرماشان بووه بەڵام پێڕەوانی ئەم ئایینە بە بڵاوبوونەوەی حەشیمەت لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، هەمەدان، قەزوین، تاران، ئەلبورز، مازندەران، گیلان ـیش بوونیان هەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان