KMMK:
لە رۆژانی رابردوودا دەنگۆی گیان لەدەست دانی منداڵێی تەمەن ١١ ساڵان بە ناوی « ئارمین» لە شاری کرماشان بڵاو بوەوە و هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەم منداڵەیان دەگێڕایەوە بۆ بەکار هێنانی لەڕادەبەدەری مادە هۆشبەرەکان.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە: گیان لەدەست دانی ئەم منداڵە بە شێوەیەکی زۆر گوماناوی دەر دەکەوێت و روی راستیەکان لە کۆمەڵگا لەلایەن حکومەتەوە دەشاردرێتەوە یاخود بەشێوەیەک دەگۆڕدرێت.
حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش دەنگدانەوەی گیان لەدەست دانی ئەم منداڵە رووی راستیەکان لە کۆمەڵگای کوردستان و نێونەتەوەیی دەگۆڕێت و نایهەوێت ئەوە بسەلمێت کە ئەم منداڵە وەک زۆربەی منداڵانی کۆمەڵگای ئێستەی ئێران و بەتایبەت کوردستان لەتەمەنێکی کەمدا بەرەوڕوی ئازارێکی گەورە و هەستی منداڵێکی بەساڵاچوو بووەتەوە و ئەو ئازارانەی کە حکوومەت بەقوڕگیدا کردووە دەرەتانی ژیانی لێ سەندووەتەوە و لەوانەیە بەو هۆیەوە دەستی دابێتە خۆکوژی.
هەمان ئەو ئازارانەی کە بە ڕاشکاوانە لەو کۆمەڵگایە دەبینرێت و بەرۆکی بە گەنج و لاو وپیر گرتووە و خەڵکی بەرەو لێواری ژیان و مردن بردوە و زۆر کەس بژاردەیەکی نەماوە جگە لە خۆفڕێدان و کۆتایی هێنان بەو ژیانە چەرمەسەریە، برسیەتی، هەژاری، بێکاری و بێ داهاتی و گیان لەدەست دانی دایک، ئایا ئەم کێشانە نەبونەتە هۆی خۆکوشتنی منداڵێک کە لە واتای ژیان و مردن هیچ تێناگات؟
کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی هەڵاوردەیی خۆی رۆژ لەدوای رۆژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەقامگیرتر دەکات و کۆمەڵگا بەرەو داڕمانی ئابووری ودەروونی دەبات و زۆربەی کۆمەڵگا هیوایەک بۆ ژیان نابینن و دیاردەی خۆکوژی بووەتە باو و نەریتێک کە لە ئێستادا بەرۆکی بە منداڵانیش گرتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان