زەینەب جەلالیان لە پێوەندی لە گەڵ بنەماڵەکەی: من بارمتەیەکم بە دەستی دەسەڵاتدارێتی ئێران ـەوە

KMMK:

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە پێوەندییەکی تلەفوونی لە گەڵ بنەماڵەکەی سەبارەت بە دواین دۆخی تەندرووستی خۆی پێی ڕاگەیاندن کە لە دۆخێکی زۆر نەگونجاودایە و هەڵسووکەوت و هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران تەنیا بە ئامانج گرتن و گوشارە بۆ سەر ئەم چالاکە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

غەزاڵ بلکانلوو و عەلی جەلالیان دایک و باوکی زەینەب جەلالیان سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان توانیویانە لە گەڵ زەینەب جەلالیان پێوەندی تلەفونیان هەبێ و لە ڕێی پێوەندی تلەفوونییەوە ئاگاداری ڕەوشتی منداڵەکەیان ببنەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە بە دەستمان گەیشتووە، زەینەب جەلالیان ڕایگەیاندووە کە بارمتەیەکە بە دەستی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی ئێرانەوە. لە بەشێکی دیکە ئاماژەی بە هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان کردووە و کوتوویە کە ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحیان داوە و ڕێگە نادەن دەستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی بگات.

بە گوێرەی زانیارییەکان نابراو چەندد جار داوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کردووە بەڵام لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەرپەرچ دراوەتەوە. شیاوی باسە کە سێشەممە ١٣ی جۆزەردان زەینەب جەلالیان بە بۆنەی قوورس بوونی هەناسە(هەناسە سواری) گوازراوەتەوە بۆ بێهداری زیندان و پاش پشکنین و تاقی کردنەوە لە لایەن پزیشکەوە دەرکەوتووە کە تووشی کۆوید١٩ بووە.

زەینەب جەلالیان لە کاتێکدا لە زیندانی خۆی بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین گوازرابوویەوە کە بە پێی یاساکانی ئێران، سازمانی زیندانەکان ئەرکدارە زیندانیان بگوازێتەوە بۆ نێزیکترین زیندانی شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکانیان. زەینەب جەلالیان پتر لە ١٣ ساڵە بە بێ هەبوونی مەرەخەسی لە زینداندایە و بنەماڵەکەی دەڵێن کە بە دواداچوونیەکانی ئەوان بۆ مەرەخەسی منداڵەکەیان تا ئێستە بێ ئاکام ماوەتەوە. ناڕەزامەندی ئەوان بۆ مەرەخەسی زەینەب جەلالیان لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە هێزی قەزایی ئێران ڕایگەیاندبوو بۆ ڕێگری و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کورۆنا مەرەخسی بە پتر لە ٧٠ هەزار کەس لە زیندانیانی پەڕاوپەڕی ئێران داوە.

ئەم چالاکە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ٢٧٠٧ی کوردی، بە تۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ووڵات بە ساڵێک تەعزیری و بە تۆمەتی محاربە لە ڕێی ئەندامەتی لە پەژاک بە ئێعدام مەحکووم کرابوو؛ ئەو حوکمەی بە پلەیەک داشکان بۆ زیندانی تاهەتایی گۆڕدرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان