زەینەب جەلالیان تووشی کورۆنا بوو

KMMK:

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد بەندکراو لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران( قرچەکی وەرامین) تووشی کورۆنا بوو.

لە دواین لێدوانی بنەماڵەی زەینەب جەلالیان ڕایانگەیاند کە: زەینەب جەلالیان ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی(٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠ی ز) بە هۆی کۆخەی توند و قورسی هەناسە بۆ بێهداری زیندانی قرچەکی وەرامین گوازرایەوە و لە چەندد تاقیکردنەوەیەکدا تووشبوونی ناوبراو بە ڤایرۆسی کورۆنا لە لایەن پزیشکانەوە پشتڕاست کرایەوە.

عەلی جەلالیان باوکی ناوبراو ڕایگەیاند: پاش ئاگادار بوونی زەینەب جەلالیان بە ڤایرۆسی کورۆنا خوازیاری گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە و لە ژێر چاوەدێری دانانی ناوبراو بووین بەڵام ئەم داواکارییە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دژایەتی لە گەڵ کرا. ناوبراو دۆخی کچەکەی مەترسیدار هەڵسەنگاند و کوتی؛ بە هۆی کۆخەی قورس و گرانی هەناسە هەڵکێشان لە دۆجێکی پڕمەترسیدایە.

پێشووتر لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی زەینەب جەلالیان لە هەوڵێکی چاوەڕوان نەکراو و بە دزیەوە لە زیندانی حکوومەتی لە زێدی کە شاری خۆی ـیە بۆ بەشی کەرەنتینەی زیندانی قرچەکی وەرامین گوازرابوویەوە. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە چەندد ڕۆژی بەرێ لە ڕێی کورتە نامەوە ئاگادار کرابوویەوە کە دۆسیەیەکی نوێ بۆ زەینەب جەلالیان لە لقی ١٠١ی دادگای سزاکانی ئێران لە تاران کراوەتەوە کە تەنانەت پارێزەرەکەیشی لێی بێ ئاگایە.

شیاوی باسە کە: زەینەب جەلالیان لە ساڵانی دەمدرێژی زیندان تووشی چەندد نەخۆشی دیکەی وەکوو ناخونەکی چاو و بەفرەکی زار بووە.

جێی بیرهانینە کە: زەینەب جەلالیان لە دایکبووی ٢۶٨٣ی کوردی خەڵکی شاری خۆی، یەکی ڕەشەممەی ٢٧٠٧ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری کرماشان دەستبەسەر و پاش چەندد مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و ئازار و ئەشکەنجە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و محاربە لە ڕێی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا کە ئەم حوکمە لە ساڵی ٢٧١٠ بە پلەیەک داشکان بو بە هەتاهەتایی. نابراو هەر لەو کاتەوە تا ئێستە لە زیندانەکانی حکوومەت لە شارەکانی ورمێ، کرماشان، خۆی و قرچەکی وەرامین لە زینداندا بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان