KMMK:
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، ئاماری تووشبوان بە ڤایرۆسی کورۆنا لە شاری سەردەشت ڕوو لە هەڵکشانە.
بە پێی ئاماری ڕاگەیەندراو ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، ڕێژەی کەسانی تووشبوو بەم ڤایرۆسە هەڵکشاوە و تەنیا لە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ کەسی نوێی تووشبوو ئەم ڤایرۆسە ناسێنراون.
هەنووکە و بە پێی ئاماری دەوڵەتی حکوومەتی ئێران، نێزیک بە ١٠٠ کەس تووشبوو بە کورۆنا لە شاری سەردەشت بوونیان هەیه کە بیست کەسیان تەنیا لە ڕۆژێکدا ناسێنراون.
بە پێی ڕاپۆرتەکە لە گوندەکانی “دەرماناوێ و قەلەڕەشێ” کەسانێکی زۆر تووشی کورۆنا بوون و هەردوو گوندەکه کەرەنتینە کراون.
ناسینی ئەم حاڵەتە نوێیانە بە کورۆنا لە کاتێکدایە که کۆماری ئیسلامی ئێران باسی لە کۆنتڕۆڵی ئەم ڤایرۆسەی کردووە و هیچ چەشنە خزمەتگوزارییەک بۆ هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە ناوچەکانی وەکوو سەردەشت نەهاتۆتە ئاراوە.
شیاوی باسە کە ئاماری مردن بە هۆی تووشبوون بە کورۆنا لە ئاستێکی بەرزدایە بەڵام حکوومەتی ئێران لە ڕاگەیاندن و ئاشکرا کردنی ڕێژەی مردنەکان بە هۆی ئەم ڤایرۆسە خۆی بواردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان