KMMK:
پێنجشەممە ٨ جۆزەردانی ۲۷۲۰ کوردی، دوو کۆڵبەر بە ناوی « مووحسین دەروێشزادە » کوڕی تاهیر تەمەن ۲۶ ساڵ و « ئیبراهیم جوردیزەج » کوڕی عەزیز تەمەن ۲٨ ساڵ خەڵکی خۆی لە ناوچەی ” ئەلەند ” کەوتنە بەر هێرشی گولـلەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و کوژران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کووردستان؛ ئەو دوو کۆڵبەرە لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری دەستکردی حکومەتی ئێران لە ناوچەی ئەلەند گیانیان لە دەست دا. جێگای ئاماژەیە کە موحسین دەرویشزادە خێزاندار و منداڵێکی هەیە و ئیبراهیم جوردیزەج تەنیا کاسبکار سێ خۆشک و دایکێکی پیر بوو.
هەر وەها لە ڕاپۆرتێکی تر دا، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بروجرد هەڵیان کوتایە سەر شۆفێرێکی کورد بە ناوی «هادی گولابی » خەڵکی سەقز و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هەر ئەو هێزانە ئەو شۆفێرە کوردە کوژرا.
بە پێی داتاکانی کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە دەسپێکی ساڵی نوێی زایینی تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا ۵۷ کۆڵبەر بریندار و ۲۵ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان