KMMK:
هەینی ٢۶ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێک “ئارام مەولوودی” خەڵکی شــنۆ کوڕی عومەر، ٢۵ ساڵ تەمەن و خێزاندار بە هۆی کەوتنە خوارەوە بۆ ناو ڕووباری ” گادر” گیانی خۆی لە دەست داوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە: ئارام مەولوودی لە گەڵ ئەسپەکەی دەکەونە ڕووباری “گادر” لە نێزیک شاری شنۆ و گیانی خۆی لە دەست داوە. تەرمی ناوبراو لە نێزیک گوندی”هق” دۆزراوەتەوە و لە لایەن خەڵکەوە لە ڕووبار دەرهێنراوە.
لە هەواڵێکی دیکەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢۴ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی “ڕەزا سەرشیری، مەناف حەسەن زادە، و بێهزاد ڕەمەزانی” لە نێزیک گوندی” وەکیل” سەر بە چاڵدێران بە هۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری بریندار بوون.
شیاوی باسە کە: ئەم سێ کۆڵبەرە دەکەوتنە نێو بۆسەی هێزەکانی هەنگی سنووری لە نێزیک گوندی ” وەکیل” و بە تەقەی ئەم هێزان بریندار بوون. جێگای ئاماژەیە؛ هێزەکانی هەنگی سنووری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە و دوور لە خاڵی سنووری تەقەیان لەم کۆڵبەرانە کردووە.
هەر ساڵەو ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆڵبەران بە دەستی هێزه چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکوژرێ یان بریندار دەبن و ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرینەی بریندارەکانی کەمئەندام دەبن و توانای کاریان بۆ هەتایە له دەست دەدەن.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەژماری ئەم حاڵتانەوە ١۵ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ۴۵ کۆڵبەری دیکەیش بریندار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان