KMMK:
یەک شەممە ١٤ گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی هەواڵێک لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو بوەوە سەبارەت بە کوشتن و بریندار کردنی چەند کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان. سەبارەت بە یەکێک لەم کۆڵبەرانە زانیاری زۆرتر لە لایەن سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوەوە گەیشتوەتە ئێمە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین کە ئەم تاوانە دژە مرۆڤیانەی کە بەرانبەر بە کۆڵبەران دەکرێت رایبگەیەنین.
دوایین زانیاریەکان لەسەر کوشتنی کۆڵبەری لاو مەحمود مورادی بەم شێوەیە کە: مەحمود مورادی کە ١٣ رۆژ لەمەو پێش ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و چەندین کۆڵبەری تر بەرەو سنورەکانی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەونە ڕێ و لە نزیک ئاوایی هەنگەژاڵە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو ناوچانە دەست بەسەر دەکرێن و دەبرێنە پاسگایەکی ئەو ناوچەیە و لەوێ لە یەک ریزدا کۆڵبەرەکان دادەنیشێنن و یەکێک لەم چەکدارانە بە بێ هۆکار لە پشتەوە فیشەکێک دەنێت بە مەحمودەوە و ئەم فیشەکە لە پشتی ملیەوە دەڕوات و لە ناوسکی ناوبراو دەوەستێتەوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست دەدات.
شایانی باسە کە ئەم کۆڵبەرانە لە نزیک گوندی هەنگەژاڵە دەست بەسەر کراون و نەگەیشتبونە ناوچەی سفری سنوری تەنانەت هەڵگری هێچ بارێک یا خود کۆڵێکی نایاسایی نەبوون و کوشتنی ئەم کۆڵبەرە بە بێ هۆکار بووە.
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم کردەوە نامرۆڤیانە بەتووندی ئیدانە دەکەین و داوا لە هەموو چالاکوانانی مافی مرۆڤی، مەدەنی و هەموو تاکێکی کورد دەکەین لە ئاست ئەو تاوانە بێدەنگ نەبن و بێدەنگی بشکێنن و ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان