KMMK:
رۆژی دووشەممە ٨ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، بورهان کەمانگەر چالاکی سیاسی و لە ئەندامانی گرووپی موزیکی “کوڕاڵ” بە دوورینەوەی لێوەکانی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ لە ماوەی مانگی ڕابردوو دادستان و دادوەری دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە داواکاری مەرەخەسی ناوبراویان پەسەند کردووە و تەنانەت قۆناغەکانی ئیداری دانانی بارمتەیش تەواو بووە، بەڵام بە هۆی دژایەتی و چەواشەکارییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە کامێران ڕێگری لە چوونی بۆ مەرەخەسی (پشوو) دەکرێت.
شیاوی باسە بورهان کەمانگەر ئازاری ڕیخۆڵە و گەدەی هەیە و ساڵانێکە پێوەی دەناڵێنێ. ئەم هونەرمەندە خوشکەزای حسێن کەمانگەر چالاکێکی دیکەی دەستبەسەر کراوە.
ڕێکەوتی ١۵ی گەلاوێژی ٢٧١٩ی کوردی، لە ڕەوتی دەستبەسەری بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە شاری کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و سەرماوەزی هەمان ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەت لەسنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک) ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرابوو و ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ دوو ساڵ زیندان داشکا و ناوبراو ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی پار بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی حکوومەتی ئێران لە کامێران کرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان