تاوتوێ کردنی دۆخی مافی ژنان و بەراوەرد کردنی لە گەڵ کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە ژنان بەشی ۴

KMMK:

لە بەشەکانی یەک بۆ سێی ئەم زنجیرە نووسینە تاوتوێ کردنی چەندد مادەی کۆنوانسیۆنی جیهانی نەهێشتنی هەڵاواردنی دژ بە ژنان ئاراستە کراوە کە لە ماڵپەڕی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەست دەکەون، لە بەشەکانی پێشوو جگە لە ئاماژە بەم یاسایانە هەوڵ دراوە ئامارگەلێکیش پێوەندیدار لە گەڵ پێشێل کردنی مافی ژنان لە ئێران نرخاندنی لە سەر بکرێت.

لە بەشی چواریش چەندد مادەیەکی دیکەی ئەم کۆنوانسیۆنە و حاڵەتەکانی پێشێل کردنی مافی ژنان کە بە شێوازێکی سێستەمانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دێتە ئاراوە بە شێوەی خوارەوە تاوتوێ دەکەین.
مادەی ١٠ لە کۆنوانسیۆنی جیهانی نەهێشتنی هەڵاواردن دەڵێ: دەوڵەتانی ئەندام دەبێ هەموو دەستپێشخەرییەکی گونجاو بۆ نەهێشتنی هەر چەشنە هەڵاواردنێک دژ بە ژنان و گەرەنتی مافی یەکسانی ئەوان لە گەڵ پیاوان لە بواری پەروەردەوە وەگەڕ بخەن.
دەوڵەتەکان دەبێت هەلومەرجێکی یەکسان بۆ ئاراستەی کار و پیشە و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن هەمووار بکەن.
دەوڵەتەکان دەبێت لە چوارچێوەی سڕینەوەی هەر چەشنە لۆژیکێکی لاسایی کەرەوە(ترادسیۆن)ی و کڵێشەیی لە ڕۆڵی ژنان و کەم کردنەوەی ئەو کچە قوتابیانەی دەست لە خوێندن هەڵدەگرن تێبکۆشن و هەوڵ بدەن پرۆگرامێک گەڵاڵە بکەن ئەو کچ و ژنانەی پێشووتر دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە بۆ خوێندن هان بدەنەوە.
پاش تێپەڕێنی پتر لە ٧٠ ساڵ لە بەفەرمی ناساندنی مافی خوێندن لە ڕاگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ، زۆربەی کچان و ژنان بە هۆی ناهاوسانی ڕەگەزی و شێوازەکانی هەڵاوردن ناتوانن مافی خۆیان بۆ خوێندن داوا بکەن و جێبەجێی بکەن. هەژاری، هاوسەرگیری پێشوەختە و توندویژی بەستراو بە ڕەگەزەوە هەندێ لە هۆکارەکانی نەخوێندەوری کچان و ژنانە لە جیهان.

لە ئێران بە شێوەی سیستەماتیک و یاسایی کراو کچان بەرەو لای هاوسەرگیری پێشوەختە ڕادەکێشن و ژنان تەنیا بە مەبەستی منداڵبوون ماڵداری هان دەدەن. لە کتێبی وانەی منداڵان، ژنان تەنیا لەم بوارەدا پەروەردە دەبینن. لە کتێبی وانەی منداڵان، پیاوان خاەونی پیشە و پێگەی گرنگن لە وڵات و ژنان تەنیا دایکن و لە فێرکاری مێژوو تەنیا پیاوانن کە وڵات بەڕێوە دەبەن و ژنان لە هەموو کتێبەکان تەنیا دایکن یان سەرقاڵی چێش لێنانن.
کچان لە تەمەنی زۆر منداڵییەوە دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و بەرەو زەماوەندی پێشوەختە هان دەدرێن و دەوڵەتی ئێران نە تەنیا پروگرام و پلانێکی بۆ ڕێگری لەم ڕەوتە نییە بەڵکوو خۆی هۆکاری ئەم هەڵاواردنەیە.
ماەی ١١ی کۆنوانسیۆنی جیهانی نەهێشتنی هەڵاواردن: دەوڵەتانی ئەندام دەبێت دەستپێشخەری گونجاو بۆ نەهێشتنی هەڵاوردن دژ بە ژنان لە بواری کارەوە جێبەجێ بکەن و دڵنیایی بدەنەوە کە لە سەر بنەمای یەکسانی ژنان و پیاوان، مافی یەکسان بە تایبەت لە بوارەکانی خوارەوە بۆ ژنان لە بەرچاو بگیردرێت: مافی کار وەکوو مافێکی جیانەکراوەی مافی مرۆڤ، مافی بایەخمەند بوون لە پێویستی کاری یەکسان، بۆ وێنە جێبەجێکردنی ڕێسای یەکسان لە مەڕ هەڵبژاردنی کار و مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی پیشەو کار و هەروەها بایەخمەندبوون لە ئەمنیەتی پیشە و کار.
بنەچەی٢١ی یاسای بنەڕەتی ئێران، دەوڵەتی ئەرکدار کردووە مافی ژنی لە هەموو بوارەکان بە لە بەرچاوگرتنی مەرجە ئیسلامییەکان گەرەنتی بکات کە ئەمە بۆ خۆی پێشێل کردنی ئاشکرای مافی ژنان لە بواری کارەوەیە بۆ وێنە دەتوانین ئامژە بت ماددەی ١١١٧ی یاسای بنەڕەتی بکەین کە باسی ڕێگری لە لایەن پیاوەوە بەرانبەر بە ژن داوە. واتە ئەگەر کوو پیاو ڕێگە بە ژن نەدات بۆ کار، ژن ناتوانێ کار بکات.

هەر وەها یاسا بە ڕاشکاوی هەندێ کاری بۆ ژنان قەدەغە کردووە، بۆ وێنە دادوەری. پاش سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی و جەختی یاسای بنەڕەتی نوێ لەسەر پێویستی هاوتەریب بوونی هەموو یاسا و ڕێساکان لە گەڵ ڕێنمونییە ئیسلامیەکان دامەزراندنی دادوەرەکانی دادگا لە ڕێکەوتی ١٤/٢/١٣۶١ چاکسازی و مافی دادوەری ژنان پوچەڵ و قەدەغە کرا.
ئاستەنگی نانەوە بۆ کارکردن لە هێزە چەکدارەکان:
بە پێی ئەویاسایانە، ژنان دەتوانن لە نێو هێزە چەکدارییەکان لەسەر بواری دەرمانی، بێهداشتی، ئیداری و بابەتی ناچەکدارانە کار بکەن. لە ماددەی ٣٢ی یاسای ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتووە: ” ئەرتەش دەتوانێ تەنیا لە کار دەرمانی و تەندرووستی ژنان دابمەزرێنێ”.
لە ماددەی ٢٠ی یاسای ڕێساکانی دامەزراندنی سپای پاسدارانی ئینقلاب ئیسلامی هاتووە: ” سپا دەتوانێ بۆ ئەو کارانەی کە پێویستی بە دەکار گرتنی ژنانە ئەوان دابمەزرێنێ”.
ئاستەنگییەکانی هەڵقوڵاو بۆ هاوسەرەکان:
لە یاساکانی داڕێژراوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کەسانی خێزانداریش ئاستەنگی گەلێکی پێش بینی کردووە.
مادەی ١١١٧ی یاسای مەدەنی ڕێگەی بە پیاو داوە لە حاڵەتگەلێک دەتوانێ ڕێگری لە کاری هاوژینەکەی بکات.
بە پێی ماددەی ١١١٠ ق.م: لە پێوەندی لە گەڵ هاوسەرەکان سەرۆکایەتی بنەماڵە لە دەستی پیاودایە”. سەرۆکایەتی پیاو لە بنەماڵە ئەو مافەی پێدەدات کە هاتوچۆی هاوژینەکەی کۆنتڕۆڵ بکات.
گەر پیاو بە پشتبەستن بە ماددەی ١١٠۵ ق.م مافێکی وەهای هەبێت، لە حاڵەتی مۆڵەت نەدانی بۆ چوونە دەرەوە لە ماڵ، ئیدی ژن مافی کار کردن لە دەرەوەی ماڵی نابێت.
شیاوی باسە کە لە شۆێنی کاریش ژنان ئەمنیەتی پیشەییان نیە. لەم پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە نایەکسانی حەقدەست وکەڵک نابەجێی ڕەگەزێ بکرێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان