قوروە: مانگرتنی کرێکارانی کانگای زێڕی ساریگۆنی

KMMK:
رۆژی پێنج شەممە ٤ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، کرێکارانی کانگای ساریگۆنی قوروە دەستیان دایە مانگرتن دژ بە تاڵانکاری و ئاوڕ نەدانەوە لە کرێکارانی ئەم کانگایە و دەرکردنیان کەسەر کارەکانیان.
ساریگۆنی یەکێک لە کانگا هەرە گەورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و جوگرافیای سیاسی ئێستای ئێرانە و زۆرینەی زێڕی ئێران بە بڕی ٥٠ لەسەد لەم کانگایە دەرئەهێنرێت و سەرەڕای ئەوەش زۆرینەی ئەم زێڕانە بە تاڵان دەچن و ئەوەی بۆ خەڵکی ناوچەکە و کرێکاران و گەلی کورد دەمێنێتەوە کاولکاریە.

کانگای زێڕی ساریگۆنی، دەکەوێتە نزیک گوندی بەهارلوی سەر بە شاری قوروە لە پارێزگای سنە ساڵانە زۆرینەی بەرهەمی زێڕی ئێران لەم کانگایە دەردەهێنرێت.
شیاوی وتنە کە: کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای دەستکەوتی بەرهەمێکی زۆر و لە بری ئەو بڕە زێڕەی کە دەستی دەکەوێت لەم کانگایە، خەسارێکی زۆر وەک؛ خەساری جەستەیی بۆسەر کرێکاران، کاولکردنی سروشتی ناوچەکە، پیس کردنی ژێراخانە ئاویەکان و رژانی ژەهری سیانور لە حەوزەکانی ئەم کانگایە بۆ سروشت و ئاوی ناوچەکە، دەگەیەنێتە سەر خەڵک و سروشتی ئەو ناوچەیە وسەرەڕای ئەوەش دەستی کردووە بە دەرکردنی کرێکارە خۆجێیەکان و هاوردنی کرێکاری لاوەکی بۆ ئەم کانگایە و هەر بەوبۆنەوە کرێکاران و خەڵکی ناوچەکە دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: