KMMK:
ڕۆژی یەکشەممە ۲۴ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی، زیندانی سیاسی ئیسماعیل موریدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوایی ئەوەی نیوەی حوکمەکەی واتە پێنج ساڵ لە زیندانییەکەی تێدەپەڕێنێ و داوای ئازادی مەرجدار دەکات و لە گەڵ ئازادی ناوبراو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دژایەتی دەکرێ بە نووسینی نامەیەک و دروونەوەی لێوەکانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر داواکارییەکەی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
بە گوێرەی هەواڵەکە پاش مانگرتن لە خواردن، هێزەکانی ناو زیندان ناوبراویان لە بەندی مشاورەی ۳(ڕاوێژ) بۆ بەندی ۱۰ گواستۆتەوە و لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەری کردووە و ناوبراو لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو بە هۆی دژایەتی دامەزراوە ئەمنییەکان لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە.
شیاوی باسە بە پێی یاساکانی زیندانی بوون لە ئێران هەر زیندانییەک نیوەی حوکمەکەی تێپەڕاندبێت و پێشینەی نەبووبێت دەتوانێ لە مافی ئازادی مەرجدار سوودمەند بێت.
جێی بیرهێنانەۆەیە: ئیسماعیل موریدی ڕێکەوتی ۷ی جۆزەردانی ۲۷۱۵ی کوردی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ۵ مانگ لە گرتوخانەی ئەو ناوەندە لە ژێر گرانترین ئەشکەنجەی جەستەیی ڕۆحی دەبێت و لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت بە تۆمەتی هاریکاری لە گەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی دە ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپنرێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان