سەقز: دوکتۆر ڕەحیم یوسف پوو هەڕەشەی لێــکرا

KMMK:

ڕۆژی هەینی ۱۵ی خاکەلێووەی ۲۷۲۰ی کوردی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بەڕێز “دوکتۆر ڕەحیم یوسف پوور” لە دوکتۆرانی شاری سەقز بڵاو کرایەوە کە ناوبراو لە لایەن دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە: دوکتۆر یووسف پوور لە لایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ڕۆژی شەممە ۱۶ی خاکەلێووە بانگهێشتی ئەو دادگایە کراوە.
دوکتۆر ڕەحیم یوسف پوور لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێ: لە خولی پشووی نەورۆزیدا ۸ جار لە لایەن دامەزراوە قەزایێەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە: نێزیک مانگێک لەمەوبەر لە کاتێکدا پێگەیەنەرەکانی حکوومەتهەواڵی کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کوڕۆنا و ڕێژەی کەمی تووشبوانیان هەر ڕۆژە هەواڵێکیان ساز دەکرد و بڵاو دەکردەوە. دوکتۆر یووسف پوور لە ڤیدیۆیەکی جیاوازدا ڕایگەیاند کە دۆخی شاری سەقز مەترسیدارە و ئاماری مردن و تووشبوون بە هۆی ڤایرۆسی کوڕۆناوە زۆر زیاتر لە ئاماری ڕاگەیندراو لە؟لایەن حکوومەتەوەیە. هەر لەم پێوەندیەدا و دوایی بە دواداچوونەکانی ئەم دوکتۆرە، دامەزراوە هەواڵگریەکانی حکوومەت بە هەڕەشە و بانگهێشت هەوڵیان دا ئەم دوکتۆرە کپ و بێدەنگ بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان