لەسەر کەیسی عەدنان رەشیدی وێرای دەستبەسەر کرانی دو کەس، هێشتا چەند کەس لە تاوانباران ئازادن

KMMK:
دوابەدوای هەوڵەکانی پۆلیسی پێنجوێن و سلێمانی دو کەس لە هێرشبەرانی سەر عەدنان رەشیدی دەستبەسەر کراون، بەڵام هێشتا چەند کەس لە هێرشبەران ئازادن و دەستبەسەر نەکراون.
جێی ئاماژەیە وێرای ئەوەی کە پۆلیسی پێنجوێن و سلێمانی تا ئێستا هەوڵی باشیان داوە و دوو کەس دەستبەسەر کراون، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی KMMK چەند کەسی تر کە لەم کارەساتە دەستیان هەبووە و لە هێرش کردنەکەش  دا بەشدار بوون هێشتا دەستبەسەر نەکراون. لە هێرش کردنە سەر ناوبراو و ماڵباتی، لانیکەم ۳بۆ۵ کەس بەشدار بوون کە باس لە ژن بوونی یەکێک لە هێرشبەران دەکرێت،  لە گوزارشی پۆلیس بەڵام تەنیا ئاماژە بە گیرانی دوو پیاو کراوە. پۆلیس لە نووسراوەیەک باس لە گرتنی ئەو دوو کەسە دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان.
وەکوو لە هەواڵەکانی پێشووی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاومان کردەوە لە رێکەوتی ۲۱ی رەشەمەی ۲۷۱۹ کوردی چەندین کەسی دەمامکدار هێرش دەکەنە سەر عەدنان رەشیدی ئەندامی رێبەری KMMK  و لە ئەنجامی ئەو هێرشە ناوبراو بە توندی بریندار دەبێت و دەست و پەنجەکانی دەشکێت و سەریشی بە قوڵی شکاوە و هێشتا رەوشی سڵامەتی بەتەواوی جێگر نەبووە.

شکان و قەلشینی سەری عەدنان رەشیدی لە ئاکامی هێرش و لێدانی ئەو چەند دەمامکدارە


ئەو کەسانەی هێرشیان کردبوو سەر ئەو چالاکە ماف مرۆقی و رۆژنامەوانە، هاوکات هاوژین و منداڵەکەی دەرفێنن و وەک بارمتە بۆ گرتنی زانیاری و ئەو بەڵگە و دێکومێنتانەی لایی ناوبراو بوون بە کەڵکیان دێنن.
بەپێی ئەوەی کە ناوبراو چالاکی مافی مرۆڤی، رۆژنامەوان و ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە و هەروەها پێشتر لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ماوەیەکی زۆر زیندانی کراوە،  لە باشووری کوردستان چەندین جار لە لایەن ئێرانەوە هەرەشەی کوشتن و تێرۆری لێکراوە، شیمانەی ئەوە دەکرێ کە دەستی حکومەتی ئێران لە پشت ئەو کارە نامرۆڤانە بێت و حکومەتی ئێران هەوڵی دابێ بەم شێوەیە هەم دەستی بەو دێکومێنتانە بگات و هەم ناوبراو بشکێنێ و بێدەنگی بکات.

یەکەم مورەخەسی و هاتنەدەری عەدنان رەشیدی لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سالی ١٣٨٨ هەتاوی
عەدنان رەشیدی بە هۆی ئەشکەنجە لە لایەن ئیتلاعاتی ئێران بە سەختی نەخۆش دەکەوێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.
ئێران


هەر لەو پێوەندیەدا لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکدا ئیدانەی ئەم کارەساتە دەكات، كە بەرانبەر بە عەدنان رەشیدی ئەنجامدراوە و دەڵێت: «هەر سوكایەتیی و هەڕەشەیەك بۆ سەر گیانی رۆژنامەنوسان و خانەوادەكانیان، سوكایەتیی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییە رۆژنامەنوسییەی لە كوردستان دا زامنكراوە و دەبێت كەیسەكانی رۆژنامەنوسان لە دادگا و بەپێی “یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان” یەكلابكرێنەوە و ئەو چەكدارانەیشی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی رۆژنامەنوسەكە لە پێنجوێن، حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەرێی دەزگا پەیوەندیدارەكانیانەوە، سەرجەمیان دەستگیربكات و بەسزای یاساییان بگەیەنێت.»
هەروەها لیژنەی پارستنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی، پێنج شەممە بە دەرکردنی لێدوانێک داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد،  دەستوبرد بکەن لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووس عەدنان ڕەشیدی و بکەرانی ئەو کارەش بەزووترین کات ڕادەستی دادگا بکرێن. ئیگناسیۆ میگێل، نوێنەری لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا داوایکردوە:” نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو دەستدرێژییەی کە دەرهەق بە عەدنان ڕەشیدی کراوە بە ئاسانی تێپەرێت و دەبێ تاوانباران دەستبەسەر و سزا بدرێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای ئیدانەی توندی ئەو هێرش و کارەساتە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە زووترین کات تەواوی تاوانباران دەستبەسەر و لێپێچینەوە بکرێن و بە پێی یاسا سزا بدرێن. KMMK لەو باوەڕە دایە؛ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنیەکانی باشووری کوردستان بە جدیەتێکی زیاتر هەوڵی روونکردنەوەی ئەو کارەساتە بدەن و هەوڵ بدەن ئەو خەسارە روحی و جەستەییەی کە بەر عەدنان رەشیدی کەوتووە، بە گرتن و سزادانی تاوانباران سارێژ کەنەوە. .
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە ساڵی ۲۰۱۷ عەدنان رەشیدی لە لایەن ئاسایشی سلێمانی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرابوو و هەوڵی ئەوە درا کە ناوبراو رادەستی حکومەتی ئێران بکەنەوە کە بە هەوڵی چالاکانی مەدەنی لە باشووری کوردستان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پێش بە رادەست کردنەوەی ناوبراو گیرا.

دەستبەسەرکرانی عەدنان رەشیدی لە باشووری کوردستان کە مەترسی ناردنەوەی بۆ ئێرانی هاتە سەر و کەمپینی چالاکوانان بۆ ئازادی ناوبراو


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان