KMMK:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: زەینەب ئیسماعیلی یەکێک لە دایکانی ئاشتی کوردستان رۆژی جومعە ٨ خاکەلێوەی ۲۷۲۰ـی کورد لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئازاد بوو.
بە پێی راپۆرتەکان: دەست و پەیوەندییەکانی ئەمنییەتی ئێران رایانگەیاندبوو کە ناوبراو بە دانانی بارمتەی ۴۰۰ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی دەتوانێ لە زیندان ئازاد بێت.
دایە زەینەب لە ٨ رەشەمەی ۲۷۱۹ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری دێولانی رۆژهەڵاتی کوردستان قۆڵبەست کرابوو. ناوبراو لە درێژەی دەسبەسەر بوونییدا چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشە و بێ حورمەتی بووەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان بە ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشەوگوشار خستنەسەر، داوای وەدەست دانی موبایلێکیان لە ناوبراو کردووە کە دایە زەینەب دەڵێت ئاگای لەو شتە نییە وا ئەو هێزانە باسی دەکەن.
زەینەب ئیسماعیلی، دایکێکی ۶۰ ساڵەیە کە کوڕەکەی «محمد ئەمین ئەمیری» لە کاتی بەرگری کردن لە شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان لە هێرشی هێزەکانی دەولەتی ئیسلامی شام و عێراق «داعش» دەکوژرێت و ناوبراو بۆ پەرەسەند و گەیشتن بە ئاشتی لە کوردستان هاوشان لەگەڵ دایکانی دیکەی کوردستان سەرقاڵی چالاکین لەم بوارەدا.
دەسبەسەر کردنی دایکێکی ۶۰ ساڵە، خۆی دەرخەری رووی قین و دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە هەمبەر بە چالاکانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان