ساڵی ۲۷۲۰ی کوردی لە کوردستانیان و هەموو گەلانی ئازادیخواز پیرۆز دەکەین

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ساڵی نوێی کوردی و هاتنی نەورۆز لە گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازادیخواز پیرۆز دەکات و خوازیارە ساڵی نوێ، ساڵی ئازادی و دەستڕاگەیشتن بە یەکسانی، بەرابەری(هەڤبەر) و ژیانی ئازادی کوردستان وهەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بێت.

لە ساڵی ۲۷۱۹شایەتی هەڵکشانی توندوتیژی، نکۆڵی و سەرکووتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە بووین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێعدامی گەنجانی کورد، کوشت وبڕی هاوڵاتیانی ناڕازی، تەقاندنەوەی فڕۆکەی موسافێر هەڵگر، گەشە و تەشەنەی ڤایرۆسی کوڕۆنا، زیندان، ئەشکەنجە، کوشتی کۆڵبەران و هتد…ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بە زیندانێکی گەورە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگا کردووە.

لە باکووری کوردستان، شایەتی بەرفرەبوونی هێرشەکان دژ بە نەتەوەی کورد بووین و دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵی خۆی بۆ سڕینەوە و لەناوچوونی گەلی کورد دەکار گرتووە.

لە باشووری کوردستان، وێڕای هەبوونی دەرفەتی زێڕین بۆ باشتر کردنی ڕێوەبەری و مسۆگەر کردنی مافی گەلی کورد، چەندد دەڤەرێک لە کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکان دەرچوو و داهاتووی ئەم دەڤەرانە کەوتۆتە تەمتومانەوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان شایەتی هێرشەکانی تورکیا دژ بە گەلەکەمان بووین، حکوومەتی تورکیا لە پێش چاوی جیهانیان دەستی دایە لەناوبردنی نەتەوەی کورد لەعەفرین، سرێکانی و گرێ سپی.
بێ گومان لە هەموو پارچەکانی کوردستان شایەتی چارەنووسێکی یەکسانین کە دەی سەلمێنێ؛ نەتەوەی کورد پێوێستە یەکدەنگ و پێکڕا بۆ گۆڕینی ئەم چارەنووسە هەنگاو هەڵبگرن و بە چارەنووسی خۆیان ڕەوایەت بدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەم بڕوایەدا کە گەر نەتەوەی کورد هاودەنگ و یەکگرتوو بن و بە پلاتفۆڕمێکی هاوبەش لەڕێی دابین کردنی ماف و ئازادییەکانیان هەنگاو بنێن، بێ گومان گەیشتن بە ئامانج، ماف و ئازادی زۆر ساناتر دەبێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستن سەرلە نوێ هاتنی ساڵی نوێی کوردی و نەورۆز لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکات و هیواخوازە کە ساڵی نوێ، ساڵێکی جیاواز و ساڵی ڕزگاری کوردستان بێت. ساڵێک بێت کە گەلی کوردستان بتوانن چارەنووس و چۆن ژیان کردنی خۆیان دیاری بکەن و جوگرافیای پارچەکراویان بە هەوڵ و خەباتی نەتەوەی کورد ببێتەوە بە یەکپارچە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان