KMMK:
چوارشەممە ۲۱ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، عەدنان ڕەشیدی ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کرایه ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ناوبراو لە بەشەکانی سەر، دەست و تێکڕای لەشی تووشی برین و خەساری گران بووە. ئەو روداوە لە پێنجوێنی باشووری کوردستان هاتۆتە ئاراوە.
بە گوێرەی نیشانەکان وا دەردەکەوێ ناوبراو تووشی زەبری مێشک بووە.
ئەم چالاکە ناسراوەی مافی مرۆڤ و ئەندامی ڕێوەبەری KMMK لە ئەنجامی لێدان و پەلاماری بە زەبر ئێسکی دەستەکانی شکاون ، شین بوونەوە و ئاسەواری لێدان لە سەر لەشی دیارە و تەواوی جەستەی ناوبراو کوتراوە. زۆرینەی زەبرەکان دراوە لە سەری و قەڵەشی قووڵ لە پێشەوەی سەری دیارە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە لایەن سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، چەندد کەسی دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر ماڵی عەدنان ڕەشیدی، دەسپێک هاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی بە بارمتە دەگرن و پاشان هەڵدەکوتنە ئەو ماڵەی کە بەڕێز عەدنان ڕەشیدی تێیدا نیشتەجێیە. هەر کە دەچنە ماڵەوە عەدنان ڕەشیدی دەدەنە بەر لێدان، زەبر و لێدانەکە ئەوەندە گران بووە کە ناوبراو لە هۆش دەچێ.
ئەم کەسە دەمامکدارانە پاش وریا بوونەوەی ئەم چالاکە مافی مرۆڤیە گوشاری دەخەنە سەر و داوای لێدەکەن کە موبایل، لۆپ تۆپ، هاڕد و کۆمەڵێک بعڵگەی تایبەتی خۆی بدات پێیان، ناوبراو بەرگری دەکات و داخوازیەکەیان جێبەجێ ناکات هەر بۆیە سەرلە نوێ پەلاماری دەدەن و بە توندی لێیدەدەن. ئەو بەڵگانەی ئەوان دەیانەوێ زانیاری چەنددین ساڵەی چالاکییەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی، بەڵگەکانی تایبەت بە KMMK و زانیاری تایبەتی ناوبراون.
لە کۆتاییدا ئەم کەسە نەناسراوانە لە ڕێی ڤیدیۆوە بە شێوەی ئانلاین نیشانی بەڕێز ڕەشیدی دەدەن کەهاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی، کە نێزیک سێ ساڵی تەمەنە، بە بارمتە گرتووە، لە حاڵەتێکدا ئەم بەڵگانەیان تەسلیم نەکات، ئەوان دەکوژن. هەر بەم بۆنەوە ناوبراو ناچار دەبێ بەڵگەکانیان تەسلیم بکات. هێرشبەرە دەمامکدارەکان سەرلە نوێ ناوبراو دەدەنە بەر هێرش و پەلامار و هەڕەشەی لێدەکەن کە لەسەر ئەم ڕووداوە هیچ زانیارییەک نەدرکێنێ و پاشان لە ماڵ دەچنە دەرەوە.
کاتێک هاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە، عەدنان بە لەهۆشچوویی دەدۆزنەوە.
شیاوی باسە ئەم چالاکە مافی مرۆییە چەنددین جار هەڕەشەی لێکراوە. ناوبراو جارێک لە ڕێی دامەزراوەیەکەوە لە پیلانی تیرۆر کە کۆماری ئیسلامی ئێران دای ڕشتبوو، ئاگادار دەکرێتەوە و توانی گیانی خۆی ڕزگار بکات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەی ناوبراو لە ژێر گرانترین گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و چەنددین جار ئەندامانی بنەماڵەی ئەم چالاکە مافی مرۆڤیە دەسبەسەر و دەکەوتنە بەر سوکایەتی و بێ ڕێزی، هەڕشە و تۆقاندن.
لە ساڵی ۲۰۱۷ی زاینیی ئەم چالاکە مافی مرۆڤییە و ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سلێمانییە دەسبەسەر و مەترسی دیپۆڕتی بۆ ئێران کەوتە سەر، کە بە هۆی هەوڵ و گوشاری چالاکانی مەدەنی و KMMK لە زیندان ئازاد بوو.
جێی بیرهێنانەوەیە کە عەدنان ڕەشیدی لە زیندانیانی سیاسی لە مێژینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان