بەردەوامی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر زەینەب ئیسماعیلی/ چوارسەد ملیۆن بارمتەیان گەرەکە

KMMK
بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، زەینەب ئیسماعیلی لە دایکانی ئاشتی کوردستان کە پێنج شەممە ۸ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری دێولان دەسبەسەر کرابوو، هێشتا هەر دەسبەسەرە و گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەری درێژەی هەیە.
ناوبراو پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوویەوە. لە ماوەی دەسبەسەری ، ئەم دایکە شەست ساڵ تەمەنە چەندین جار لێپێچینەوە و سوکایەتی پێکراوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەڕێی سەرچاوە خۆجێیەکان لە شاری سنە دەستی کەوتووە، هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێران نابڕاوان خستۆتە بەر تەوژم و گوشار و خوازیاری ڕادەست کردنی موبایلی لێ دەکەن،زەینەب ئیسمایلی ـیش پێیانی ڕاگەیاندووە :جگە لە ئەو موبایلە ساکارەی کە کاتی دەسبەسەری دەستیان بە سەردا گرتووە، موبایلی دیکەی نییە، بەڵام ڕایەدارانی حکومەتی ئێران بە مەبەستی درێژەی گوشار و هێنانە ئارای ترس و دڵەڕاوکێ، هەڕەشەیان لێکردووە و پێیان ووتووە تا ئەو کاتە ئەو موبایلە ڕادەست نەکات، ئازادی ناکەن و بەم شێوازە درێژە بە دەسبەسەری نایاسایی ناوبراو دەدەن.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا دەڵێ کە ڕایەدارانی ئەمنی و ئیتلاعاتی ئێران لە درێژەدا پێیان ڕاگەیاندووە بە دانانی بارمتەی ۴۰۰ ملوێن تمەنی دەتوانێ بە شێوەی کاتی لە زیندان بچێتە دەرەوە.

زەینەب ئیسماعیلی ، دایکێکی شەست ساڵەیه کە کوڕەکەی ” محەممەد ئەمین ئەمیری” لە خەبات دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) لە دەست دا و پاش ئەوە بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن و پەرەپێدانی ئاشتی لە کوردستان هاوڕێ لە گڵ دیکەی دایکانی ئاشتی دەستیان داوەتە ئەرکی مرۆیی.
دەسبەسەری ئەم دایکە شەست ساڵە بۆ خۆی دەرخەری سیاسەتی دژە مرۆییە کە حکومەتی ئێران لە پێناو چالاکانی مەدەنی و هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاوی دەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان