زیندانیانی بیر و باوەڕی مەحکووم بە ئێعدام؛ ئەنوەر خزری و فەرهاد سەلیمی

KMMK:

ئەنوەر خزری
ڕێکەوتی ۱۶ی سەرماوەزی ۲۷۰۹ی کوردی، ئەنوەر خزری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە مەهاباد دەسبەسەر وبۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ گوازرایەوە. ئەنوەر خزری نێزیک بە ۸ مانگ لە لایەن ئەم هێزانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکان لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو و پاشان بۆ بەندی ۲۴۰ و ۲۰۹ و ژووری تاکەکەسی زیندانی ئەوین لە تاران گوازرایەوە و بۆماوەی ۶ مانگ لەم ژوورە تاکەکەسیانە ڕاگیرابوو.

ناوبراو لە جۆزەردانی ۲۷۱۰ی کوردی لە ناڕەزایی دژ بە دۆخی خراپی زیندان و ڕاگرتنی ئەو لە بەندی زیندانیانی سزا کۆمەڵایەتییەکان و مادە هۆشبەرەکان، دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و بۆ ۵۰ ڕۆژ درێژەی بە مانگرتنەکەی دا و پاشان بە ڕەزامەنی زیندان لە پێڕاگەیشتن بە ویستەکانی دەستی لە مانگرتنەکەی هەڵگرت.

ئەنوەر خزری خاکەلێوەی ۲۷۱۱ ڕاگواسترا بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و نێزیک بە چوارساڵ لەو زیندانە بە دەسبەسەرکراوی مایەوە. پاشان لە ڕەشەممەی ۲۷۱۵ی کوردی ڕێوڕەسمی دادگایی کردنی ناوبراو بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە لە لقی ۲۸ی دادگای ئینقلاب بەڕێوە چوو، لە دانیشتنی دادگا ناوبراو به تۆمەتگەلی وەکوو، «ئەندامەتی لە گرووپی سەلەفی»، «پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات» و «کوشتن» ڕووبەڕوو بوویەوە و بە ئێعدام مەحکووم کرا؛ بەڵام ئەم حوکمە پاش ناردنی بۆ دیوانی باڵای وڵات بەتاڵ کرایەوە.

لە خەرمانانی ۲۷۱۶ی کوردی، ئەنوەر خزری لە زیندانی ڕەجایی شار بۆ زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا و لە دادگایەکی کە بۆخۆی تێدا بەشدار نەبوو ۱۰سال زیندانی بەسەردا سەپێنرا و لە گەلاوێژی ۲۷۱۸ی‌کوردی ئەم حوکمەی بەشێوەی فەرمی پێڕاگەیەندرا.

پاشان ناوبراو لە ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۱۸ی کوردی بۆجارێکی تر بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ڕەجایی شار کەرەج گوازرایەوە.

دۆسیەی ئەنوەر خزری بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێ نێردرا بۆ لقی ۲۵ی دادگای ئینقلاب و ڕێوڕەسمی دادگایی کردنی ناوبراو لە ڕۆژەکانی ۲۷ و ۲۸ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی بەڕێووە چوو وهاوڕێ لە گەڵ ۶ کەسی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کران و دۆسیەی ئەم کەسانە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە نێردرا بۆ لقی ۴۱ی دیوانی باڵای ووڵات و ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتیش پەسەند کرا.

فەرهاد سەلیمی

لە ڕێکەوتی ۹ی ڕێبەندانی‌۲۷۰۹ی‌کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری سەقز دەسبەسەر کرا و بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ گوازرایەوە و نێزیک ۸ مانگ لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدا بوو. پاشان بۆ بەندی ۲۴۰و ۲۰۹ی ژووری تاکەکەسی زیندانی ئەوین لە تاران گوازرایەوە و پاش ۶ مانگ بۆ بەندی ۳۵۰ی زیندانی ئەوین گوازرایەوه و ڕێکەوتی ۲۵ی خاکەلێووەی ۲۷۱۱ی کوردی بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگواسترا.

لە ڕەشەمەی ۲۷۱۵ی کوردی فەرهاد سەلیمی لە لایەن لقی ۲۸ی‌دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە بە تۆمەتی بەشداری لە گرووپە سەلەفییەکان، پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات و کوشتن، بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەم حوکمە لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە بەتاڵ کرایەوە؛ بەڵام ناوبراو هەموو ئەم تۆمەتانەی بەرپەرچ دایەوە و ڕایگەیاندووە کە تەنیا بە بۆنەی بیروباوەڕی خۆیەوە و بەشداری لە کۆبوونەوەکان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ئاینیی دەسبەسەر کراوە.

پاش تێپەڕینی ۹ساڵ هەڵپەسێراوی لە ڕۆژانی‌۲۷ و ۲۸ی جۆزەردانی ساڵی ۲۷۱۹ی کوردی، بۆ پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسیەکەی هاوڕێ لە گەڵ ۶ کەسی دیکە بۆ لقی ۱۵ی دادگای ئینقلابی تاران نێردراو ڕێوڕەسمی دادگایی کردنیان بەڕێووە چوو. سەرەڕای هەبوونی پارێزەر، مافی قسەکردن و بەرگری لە خۆ بەم کەسانە نەدرا و لە کۆتاییدا سەرلەنوێ بە ئێعدام مەحکووم کران و دۆسیەکەیان سەرلەنوێ بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی ٤۱ی دیوانی باڵای ووڵات نێردرا و ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتیش سەرلەنوێ پەسەند کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان