سەڵماس؛ ڕێگری کردنی سپای پاسداران لە پرسە و سەرەخۆشی ئەحمەد مورادپوور

KMMK:

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەڵماس هەڵی کوتایە سەر ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی ئەحمەد مورادپوور لە گوندی مولحێم و لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە ڕێگری کرد.

هێزەکانی سپای پاسداران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو هەڵیان کوتایە سەر ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی ئەحمەد مورادپوور لە ماڵی باوکی وتەواوی ئامادەبوانی ئەو ڕێوڕەسمەیان (خەڵکی گوند، خزم و کەس و کار) بە زۆر لە مال کردە دەرەوە.

مێهرداد مورادپوور لەم بارەوە بەهەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی باوکم و پاش وەدەرنانی ئامادە بوان، هەڕەشەی نانەوەی دۆسیە و زیندانی بەهۆکاری هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیان لێکرد.

مێهرداد لە درێژەدا دەڵێت: ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی ڕێبەندان، پاش هێرشی داعش بۆسەر کەمپی مەخموور، هێزەکانی پاراستنی گەلی کوردستان، ئەو ئەشکەوتەی ئەندامانی داعش خۆیان تێدا شاردبوویەوە گەمارۆ داو لەم تێکهەڵچوونەدا، براکەم لە لایەن چەتەکانی داعشەوە پێکرا و گیانی خۆی لە دەست دابوو.

ئەحمەد مواردپوور لەدایکبووی ۲۶۹۹ی کوردی لە سەڵماس، لە ساڵی ۲۷۱۸ بەشداری ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) بووبوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: