KMMK:
بابەک دەبیریان چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی پێنج شەممە دەی ڕێبەندانی ۲۷۱۹ی کوردی، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە گۆێرەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو: ئەم چالاکە مەدەنییە لەماوەی دەستبەسەری ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی زۆری لەسەر جێبەجێکراوە و بە هۆی ئەو ئەشکەنجانەوە هەنووکە لە دۆخێکی قەیراناوی ڕۆحی و جەستەیدایە.
سەرچاوەکە ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو تۆمەتانەی لەم چالاکە مەدەنییەی خەڵکی کرماشان دراون: «ئەندامەتی و هاریکاری حیزبە کوردییە ئوپوزیسیۆنەکانی ئێران، پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» ڕاگەیەندراوە.
بابەک دەبیریان پاش نێزیک بە مانگێک دەستبەسەری، سەرەتای ڕێبەندان لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت، بۆ قەرەنتینەی زیندانی دیزەڵ ئاوا لە کرماشان گوازرابوویەوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە کرماشانییە سێی بەفرانبار، کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەر و دەستبەسەر دەکرێت. هاوکات لە گەڵ دەستبەسەری ناوبراو هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران هەڵیان کوتایە سەر ماڵی باوک و ماڵی خۆی، دەیان پشکنن.
هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردن و پشکنین، «تەبلێت»ی بابەک دەبیریان وهەندێ شتوومەکی تایبەتی بنەماڵەکەیان زەوت دەکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان