خۆراسانی باکوور؛ حەوت چالاکی پیشەیی مامۆستایان پتر لە چل و یەک ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا


KMMK:

ڕۆژی چوارشەممە نۆی ڕێبەندانی ۲۷۱۹ ی کوردی، دادگای ئێنقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری بجنوورد (ناوەندی خۆراسانی باکوور) حەوت چالاکی پیشەیی سەرجەم بە ٤۱ ساڵ و هەشت مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بە پێی ڕاپۆڕتەکە: دادگای ئینقلاب، ئەم چالاکانەی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی، چالاکی و پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات، دادگای و بە شێوەی خوارەوە حوکمی بۆیان بڕییەوە: «محەممەد ڕەزا ڕەمەزانزادە بە ۱۳ ساڵ، حسێن ڕەمەزان پوور بە ۸ ساڵ زیندان و ۷٤ زەبری قامچی، حەمیدڕەزا ڕەجایی بە ٤ ساڵ زیندان، و هەر سێ کەسیشیان لە چالاکی حیزبی بێبەری کران. چالاکانی دیکەی پیشەیی [عەلی فروتەن، مستەفا ڕوباتی، سەعید حەق پەرست و حەسەن جەوهەری] هەر کامیان بە ۳ ساڵ و هەشت مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.»

لە لایەکی ترەوە دادگای کەیفەری (سزا) حکوومەت، ڕێکەوتی ۱۱ و ۱۳ ی بەفرانباری ۲۷۱۹ ی کوردی، لە هەمان شاردا محەممەد ڕەزا ڕەمەزان زادەی بە تۆمەتی «خەیانەت لە ئەمانەت» بە ڕیز بە ۲ ساڵ زیندان و ۷٤ زەبری قامچی و ۳ ملوێن تمەنی غەرامەی نەخت و حسێن ڕەمەزان پوور بە تۆمەتی «سوکایەتی بە بەرپرسانی دەسەڵات» بە ۷۴ زەبری قامچی و ئەوانی دیکە لە تۆمەتەکان پاک بوونەوە.

شیاوی باسە: حەوت کەسی ناوبراو لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی خۆراسانی باکوورن کە لە ڕەوتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕەزبە و خەزەڵوەری ۲۷۱۸ ی کوردی دەستبەسەر کرابوون و پاش چەندین ڕۆژ دەستبەسەری و لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەی چڕوپڕ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت، بە دانانی بارمتە تا کاتی ڕێوڕەسمی دادگایی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

محەممەد ڕەزا ڕەمەزان زاده سەرۆکی لێژنەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان و حسێن ڕەمەزان پوور، عەلی فرووتەن و حەمید ڕەزا ڕەجایی لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەری (هیئت مدیرە) وئەوانی دیکە ئەندامانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی پارێزگای خۆراسانی باکوورن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان