KMMK:
دووشەممە ۳۰ بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، ئەسکەندەر لوتفی، ئەندامی دەستەی پیشەیی مامۆستایان و لە ئەندامانی دەستەی هاوئاهەنگی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بانگهێشتی دادگا کرا.
ئەسکەندەر لوتفی لە رێگای داواکاریەکەوە کە بۆ نوسینگەی پارێزەری ناوبراو ساڵەح نیکبەخت نێردرابوو، دەبێت رۆژی دووشەممە ۷ی رێبەندان لە بەشی ۱۰۴ی دادگەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە ئامادە بێت.
جێگای ئاماژەیە کە لە چەند مانگی رابردوودا ئەم چالاکی پیشەیی مامۆستایانە ۶ جار بانگهێشت کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.
ناوبراو بەتاوانگەلێک وەک، هەڵخەڵەتاندنی هزری گشتی و بڵاو کردنەوەی شتی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە دادگەی ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لێپرسینەوەی لێ کراوە.
ئەسکەندەر لوتفی لە مانگی خەزەڵوەری ۲۷۱۸ی کوردیدا لە لایەن ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر دەکرێت و لەکاتی پشکنینی ماڵی ناوبراو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەی دەست بەسەردا دەگرن و ناوبراو دەبرێتە ئیتلاعاتی کۆمای ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بۆ لێپرسینەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان