سنە: سەپاندنی حوکمی زیندان و ئێعدام بەسەر دوو بەندکراوی سیاسیدا

KMMK:

یەکشەممە ۸ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە زیندانییەکی سیاسی (هوشمەند عەلی پوور) خەڵکی شاری سەردەشتی بە ئێعدام و زیندانییەکی سیاسی دیکە بە ناوی محەممەد ئۆستاد قادر، خەڵکی سەقزی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

 ئەم حوکمانە بە پارێزەر و بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندراوە. ئەم دووبەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ۹ خەزەڵوەری ساڵی پار بە تۆمەتی “بەغی” بە ئامادە بوونی عەلی ساکنی پارێزەری دۆسیەکەیان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە محاکمە کرابوون.

شیاوی باسە ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ۱۲ی گەلاوێژی ساڵی پار بە تۆمەتی ئەندامەتی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش ۱۰۸ ڕۆژ ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرە ملێ و بڵاوکردنەوەی لە تلەفزیۆنەکانەوە، گوازرانەوە بۆ قەرەنتینە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز و ڕۆژی ۵ی بەفرانباری ساڵی پار گوەزرانەوە بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە سنە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان