هومایون عەباسی، بابەک دەبیریان/نادیاربوونی چارەنووسی دوو ڕۆژنامەوانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان

KMMK:

۱۵ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەری ڕۆژنامەوانی کورد “هومایون عەباسی” دا تێدەپەڕێ و تا ئێستە زانیارییەک لە مەڕ چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەری ناوبراو دەست نەکەوتووە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان : تەنیا زانیارییەک کە لە هومایون عەباسییەوە ئاشکرا کراوە پێوەندییەکی تلەفوونییە.
هومایون عەباسی سەرنووسەری مانگنامەی کەلتووری ــ سیاسی ” ژیلوان” لەم پێوەندییە تلەفوونییەدا بە بنەماڵەکەی وتووە : ” من تاوانێکم نەکردووە و بێ تاوانم.”

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: تا ئێستە ئەندامانی بنەماڵەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نەکردووە و لەمەڕ ڕەوشت و هۆکاری دەسبەسەریەکەیشی هیچ نازانن.
هومایون عەباسی خەڵکی شائاباد ( ئیسلام ئاوای غەرب) ۲۶ی سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی، لەشاری تاران دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژێک گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتوخانەکانی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان.

شیاوی باسە: مانگنامەی ژیلوان ماوەی پێنج ساڵە بە زمانەکانی کوردی ــ فارسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، وێڕای تێپەڕینی حەوتوویەک بە سەر دەسبەسەری چالاکی مەدەنی “بابەک دەبیریان” هێشتا لەمەڕ شوێن و هۆکاری دەسبەسەری ناوبراو زانیاری دەست نەکەوتووە.
ئەم چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەوانەی خەڵکی کرماشان، سێی بەفرانبار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان